دەبێت پێشمەرگە لەسەرووی ململانێی حیزبییەوە بن
نێچیرڤان بارزانی: ئیتر هیچ هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێت
وریا فەتاح
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی راگەیاندنی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا پەیامێکی یەکلاکەرەوەی دا و رایگەیاند، ئیتر هیچ هێزێکی چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە نامێنێت و دەبێت هێزەکان بە تەواوی کوردستانی بن و تێکەڵی ململانێی حیزبی نەکرێن.
لە وتارەکەیدا، سەرۆکى هەرێم وتارێکى پێشکەشکرد و وتى،”لەمڕۆوە یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەبێت لە هەموو شتێکدا رەنگ بداتەوە، لە فەرماندەیی و سەرکردایەتی، لە بڕیار و فەرماندا، هەروەها لە مەشق و رێکخستندا.”
سەرۆکی هەرێم باسی لە پرسی دادپەروەری لە ناو هێزەکاندا کرد و دووپاتیکردەوە کە، “دەبێت پێشمەرگە لە پلە بەرزکردنەوەدا یەکسان بێت.”
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر ناسنامەی نیشتمانیی هێزەکان و باسی لە “کوردستانیبوون”ـی پێشمەرگە کرد و رایگەیاند، “پێویستە بۆ هەمووان روون بێت کە پێشمەرگە بەشێک نییە لە ململانێی سیاسی و حیزبی.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە سیاسەت و کاری سەربازی دەبێت لێک جیا بکرێنەوە، ئەو ئاماژەى بە ململانێى حزبى و سیاسى کرد بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکان و پێى وایە ئەوە دۆخێکى دیموکراسییە، بەڵام وەک جەختى لێکردەوە، پێشمەرگە لەسەرووی کێبڕکێی حیزبییەوەیە و هێزێکی کوردستانییە”.