ئەمڕۆو سبەی بەردەوامە

جەژنی عاشقانی ترێیە.. فێستیڤاڵە گەورەکەی رواندز دەستی پێکرد


ژووری هەواڵ

بۆ ئەوانەی حەزیان لە ترێیە، ئەمڕۆو سبەی هەرچی ترێی جوان و دەرەجە یەکە لە فێستیڤاڵەکەی رواندز دەست دەکەوێت، ئەم دوو رۆژە دەتوانن هەم بۆ ئەو دەورووبەرە سەیران بکەن و هەم فێستیڤاڵێکی خۆشیش ببینن.

لە رواندز ئەمڕۆ دووەمین فێستیڤاڵی ترێ دەستی پێکرد، ترێی باشی ناوچەکەو هەنجیر و سماق و بەرووبوومی دیکەی زۆر لەوێ نمایش دەکرێن، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری رواندز دەڵێ فێستیڤاڵەکە هەم بۆ ئەوەیە گەشتیار بچێتە ناوچەکەو هەم بۆ ئەوەی بەروبوومەکانیش ساغ ببێتەوە.

پەیامنێری 964 لە فێستیڤاڵەکە ئامادە بوو، ئەوەی سەرنجی راکێشا پیاوێک لە ناو رەزو باخەکەی خۆیەوە وەک جاران بە گوێدرێژ ترێی هێنابوو.

مام ئیدریس ئەنوەر کە جوتیارێکی ناوچەکەیە بە 964 وت ”بۆ زیندووکردنەوەی نەریتی باوو باپیران ئەم کارەم کردووە، چونکە جاران هەر بە گوێدرێژ ترێ دەگوازرایەوە”.