"بەشێک لە شۆفێران دەیفرۆشنەوە"

لە سلێمانی شۆفێران هەموو رۆژێك دەتوانن بەنزینی 750 دیناری وەربگرن

رازاو محەمەد – سلێمانی

لە شاری سلێمانی شۆفێران هەموو رۆژێك دەتوانن بەنزینی 750 دیناری وەربگرن و لە 16 بەنزینخانە دابەش دکرێت بەڵام نەوت و کانزانی پارێزگاکە گلەییان هەیەو دەڵێن بەشێک لە شۆفێران دەیفرۆشنەوە.

سەلام عومەر وتەبێژی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ 964 وتی، كاتێك نرخی سوتەمەنی بەرز دەبێتەوە هاوڵاتیان زیاتر هەوڵی بۆ دەدەن كە وەری بگرن، هۆكاری قەرەباڵغی سەرەی بەنزینخانەكانیش بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوەكە شۆفێران دەتوانن هەمو رۆژ بەنزین وەربگرن،

وتیشی، شۆفێر هەیە كە بەنزین وەردەگرێت دەیفرۆشێتەوە، تا ئێستا كێشە دروست نەبوە كە شۆفێران شەوان سەیارەكانیان دادەنێن لە سەرەی بەنزیندا بەڵام قەدەغە كراوە كە لەجیاتی سەیارە بەرد و بلۆك و شتی تر وەك سەرە دابنرێت.

سەبارەت بە دابەشكردنی بەشە نەوتی ساڵانە سەلام عومەر وتی، ساڵانە لە سەرەتای مانگی 10ـەوە دەست دەكرێت بە نەوت دابەشكردن و سەرەتا لەو هاوڵاتیانەوە دەست پێدەكرێت كە ساڵی پار نەوتیان وەرنەگرتووە، لە دوای تەواوبوونی دەست بە دابەشكردنی بەرمیلی دوەم دەكرێت و سەرەتاش لە ناوچە شاخاویەكانەوە دەست پێدەكرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی