گەندەڵى

حەوت کەس دەستگیرکران؛ لەسەر تاپۆکردنى 13 پارچە زەوى بەشێوەیەکى ساخە

وریا فەتاح

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی دەستپاکی لە میسان، ئاشکرای کردووە کە یاری بە رێکارەکانی تۆمارکردنی 13 پارچە زەویی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی عەمارە کراوە و بە ساختە تاپۆ کراون.

بەپێی راگەیاندراوەکەی ئەنجومەنی دادوەری، زەوییەکان دەکەونە هەردوو ناوچەی (ئەبو روممانە) و (مەغرەبە) و بەپێچەوانەی یاسا تۆمار کراون.

دادوەری تایبەتمەندی کەیسەکە ئاشکرای کردووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان حەوت تۆمەتبار دەستگیرکراون، کە شەشیان فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی عەمارەن و یەکێکی دیکەشیان فەرمانبەری فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەیە (تاپۆ).

پرۆسەی دەستگیرکردنی ئەو فەرمانبەرانە بە هەماهەنگی بووە لە نێوان دادگا، دەستەی دەستپاکی و هێزە ئەمنییە تایبەتمەندەکان.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەپێی حوکمەکانی مادەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.