خواستى زۆرى لەسەرە

قەڵا و منارە خرانە سەر لیرە


ئەحمەد شەمزین- هەولێر

لەسەر دەست و سەلیقەی گەنجێکی لێهاتووی هەولێر، هەردوو هێمای دێرین و ناسنامەی شارەکە، قەڵای هەولێر و منارەی چۆلی، نەخشێنرانە سەر لیرەی زێڕ.

ئەم داهێنانە نوێیە لە ماوەی تەنها هەفتەیەکدا بووەتە ترێندێکی گەرم لە بازاڕی زێڕینگرانی پایتەخت و سەرنجی زۆری خەڵکی راکێشاوە، بەتایبەتی رەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات.

ئەم لیرە نوێیە، کە لە یەکێک لە کارگەکانی زێڕ لە هەولێر بەرهەم دەهێنرێت، تەنها پارچە زێڕێک نییە، بەڵکو هەڵگری یادگاری و بۆنی نیشتمانە.

هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕینگرانی هەولێر، بۆ 964 وتى،” “کێشی هەر لیرەیەک یەک مسقاڵە و عەیارەی ٢١ـە. ئەمڕۆ نرخی ئەم لیرەیە ٩٤٥ هەزار دینارە. ئەوەی جێگای سەرنجە، خواستێکی یەکجار زۆری لەسەرە. تەنانەت کڕیارمان هەبووە لیرەکەی کڕیوە بۆ ئەوەی بینێرێت بۆ ئوسترالیا، چونکە پێی وتووین بینینی ئەو لیرەیە لە غەریبیدا دڵی دەکرێتەوە و هەست بە نزیکی نیشتمان دەکات.”

هەندرێن وەرتی ئاشکرای کرد کە پلانێکی گەورەتریان هەیە بۆ ئەوەی سەرجەم شوێنەوارە مێژووییەکان و هێماکانی شارەکانی تری کوردستان بخەنە سەر لیرەی زێڕ. لەوانە (پردى دەلال، ئەشکەوتى هەزارمێرد و مزگەوتى گەورەى سلێمانى)ز

لەم بارەیەوە وتی: “دەکرێت ئەمە ببێتە سەرەتایەک بۆ گەنجێکی زاخۆ تا پردی دەلال نەخش بکات، یان گەنجێکی کەرکووک قەڵای ئاراپخا بکاتە سەر لیرە.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح