کیلۆی بە یەک دەفتەر و نیوە

هەنگوینی مەلیکە؛ “دەرمانی منداڵبوون و 90 دەرد دەپەڕێنێ”

ئاکام غەفوور – شەقڵاوە

هەنگوینی مەلیکە خواردنی فەقیر و هەژار نییە و لە کڕین نایەت، یەک کیلۆی بایی دەفتەر و نیوێکە و هەنگەوانێک دەڵێت، دەوای دەردانە و بۆ منداڵبوونیش حەللی نییە.

مام زێڕۆ هەرکی هەنگەوانێکی بەئەزموونی شەقڵاوەیە، ئەو بە 964ـی وت، “ئەو هەنگوینە لە مێشکی سەری فەرخەکان دێتەدەرێ و تەنیا خواردنی شای هەنگەکانە”.

“هەر مێشێکی بەقوت تەنیا دەتوانێ پێنج بۆ شەش سرنج بەرهەم بهێنێ، کە هەر سرنجێک تەنیا پێنج سیسی دەبێت”، مام زێڕۆ وادەڵێت.

وەک دەڵێت، ئەو جۆرە هەنگوینە 90 دەرد دەپەڕێنێ و هەر کەسێک بیخوا بە حەیاتی تووشی ڤایرۆس نابێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی خەڵکی بۆ نەزۆکی و نەخۆشی قۆلۆن و سەر ئێشە بەکاری دەهێنن، مام زێڕۆ دەڵێت، “لە گوندی ناوکەندان مامۆستایەک هەبوو، منداڵیان نەدەبوو، هاتە لای من، سرنجێکم لەو هەنگوینە پێدا، ساڵێک دواتر هاتەوە، منداڵێکیان لە باوەشێ بوو”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری