دوێنێ شەو چی روویدا؟
دۆخی کۆبانێ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتە سەربازی و دیپلۆماسییەکان
پەری ساڵح
لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی کۆبانێ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشهاتە سەربازی و دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی جیهان:
📌دوای سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەکان لە شارەکانی رۆژئاوای کوردستان بەهۆی شەهیدکردنی سیپان حوزنی، شەوی رابردوو لە کۆبانێش خەڵک هاتنەسەر جادە، هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە و گرژی و ئاڵۆزی روویدا.
📌لە زیندانی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان ئاگرکەوەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک زیندانیی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
📌رۆیتەرز لە سەرچاوەکانەوە: عێراق فەرماندەی دا بە داخستنی دەروازەی سنووریی شەلەمچە لەگەڵ ئێران.
📌حکومەتی عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکات کە کراونەتە سەر سعودیە و رەتیکردەوە ببێتە هۆکار بۆ تێکدانی ئاسایشی سعودیە.
📌عەلی زەیدی فەرمانیدا بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر سعودیە و ئەو لایەنانەی لە پشتییەوەن.
📌عەلی زەیدی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی میسانی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، دوای ئەوەی سەلمێنرا کە هێرشەکان بۆ سەر سعودیە لە ناو پارێزگاکەوە ئەنجامدراون.
📌وەزارەتی دەرەوەی سعودیە: سعودیە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە رووبەڕووی هێڵی بۆڕی نەوتی (رۆژهەڵات – رۆژئاوا) بووەتەوە لە ناوچەکانی ریاز و مەدینە بە چەندین درۆن کە لە عێراقەوە هاتبوون.
📌وەزارەتی دەرەوەی سعودیە: سعودیە لەم قۆناغەدا دەرفەت دەداتە حکومەتی عێراق تا رێگری لەو هێرشانە بکات کە لە خاکییەوە دەستپێدەکەن.
📌سەرۆکی لوبنان: کشانەوەی ئیسرائیل، گەڕانەوەی دیلەکان و ئاوارەکان، و ئاوەدانکردنەوە؛ ئەو بنەما نەگۆڕانەن کە بەڵێنی جێبەجێکردنیان دەدەین.
📌سەرۆکی لوبنان: لە ئێستادا هیچ دانوستانێکی نوێ لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە.
📌میدیای لوبنانی: دوو هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل دۆڵی “زبقین” و دەوروبەری شارۆچکەی “قەنترە”یان لە قەزای مەرجعیون لە باشووری لبنان کردە ئامانج.
📌ئەکسیۆس لە بەرپرسێکی ئەمریکییەوە: بڕیارە باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان و جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوارچێوەیی نێوان هەردوو وڵات.
📌ئەکسیۆس لە بەرپرسێکی ئەمریکییەوە: گەڕی داهاتووی دانوستانە فەرمییەکان لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان لە مانگی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) لە رۆما بەڕێوەدەچێت.
📌فلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا: نوخبەی رۆژئاوا بوون کە ئاگری ململانێکەیان لە ئۆکرانیا خۆشکرد و گوشاریان خستە سەر رووسیا و هەوڵیاندا ئۆکرانیا بۆ ناو پەیمانی ناتۆ رابکێشن.
📌زێلێنسکی: دەبێت پرۆسەی دانوستان لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ چڕبێتەوە.
📌زێلێنسکی: رووسیا لە ئێستادا خۆی ئامادە دەکات بۆ لێدانی سیستمی وزەی ئێمە لەم زستانەدا، ئەگەر ئەمکارە بكات، وەڵامێکی هاوشێوە وەردەگرێتەوە.
📌زێلێنسکی: ئۆکرانیا توانای وەڵامدانەوەی هەر ئۆپەرسیۆنێکی هەیە کە رووسیا ئەنجامی بدات.
📌رۆژنامەیەک: واشنتن وێنەی مانگە دەستکردە چینییەکان بە هێرشێکی ئێرانی لە مانگی تەممووزەوە دەبەستێتەوە کە بووە هۆی کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکی.
📌ئاژانسی فەڕەنسی (AFP): بەهۆی دەرچوونی شەمەندەفەرێک لە هێڵەکەی لە باکووری رۆژئاوای فەرەنسا نزیکەی 20 کەس برینداربوون.