"چل چراکەی من شکا"
لەتیف هەڵمەت لەسەر گۆڕی هاوژینەکەی
رازاو محەمەد – سلێمانی
لەتیف هەڵمەت، شاعیر و نووسەری ناسراوی کورد، لەکاتی سەردانیکردنی گۆڕی هاوسەرەکەی دەگری و سوپاسی ئەو کەسانە دەکات کە لەم ماوەیەدا و دوای لەدەستدانی سورەیای هاوسەری هاودەمییان کردووە و هاوخەمی خۆیان بۆ دەربڕیوە.
لەتیف هەڵمەت، نووسەر و شاعیر قسەی بۆ 964 کرد و وتی، سوپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە لەم پرسەیەدا ماندوو بووە و داوا لە خوا دەکەم دەرگای رەحمەتی خۆی بەسەریاندا بکاتەوە و و نەیانخاتە تەنگانەوە.
“هیچ شتێک نییە باری سەر شانم کەم بکاتەوە و ببێ بە سەبووری و دڵنەوایی نەبوون و جێهێشتنی خێزانەکەم، ئەو هەموو جارێ ئەی وت خوایە من پێش شێخ لەتیف بمرم، منیش ئەموات خوایە من ساڵێک دوای ئەو بمرم بۆ ئەوەی بۆت بگریم ئاواتەکەی ئەو هاتە دی و هی من ماوە” لەتیف هەڵمەت بەم شێوەیە شیوەنی کرد.
لەتیف هەڵمەت زۆر دڵنیابووەتەوە لەوەی ناوی هاوسەرەکەی بە پیتی “ث”ـی عەرەبی بنووسرێ لەسەر کێلەکە، چونکە دەڵێت، ناوی سورەیا بە عەرەبی بە مانای “چل چرا” دێت و لەگەڵ وتنی ئەم دێڕەش دەستی کرد بە گریان و وتی چل چراکەی من شکا.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر