پێشتر هەر مسقاڵێک 25 هەزار دینار گران بووبوو
هەر مسقاڵێک زێڕ دە هەزار دیناری لێ بووەتەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەر مسقاڵێک زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێم دە هەزار دینار هەرزان بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە لە دوو هەفتەی رابردوودا نرخی هەر مسقاڵێک 25 هەزار دینار گران بووبوو.
لەئێستادا یەک مسقاڵ زیڕی عەیارە 18 لە 380 هەزار دینارەوە بووە بە 370 هەزار. هەمان مسقاڵ بۆ عەیارە 21 لە 450 هەزار دینارەوە بووە بە 440 هەزار دینار و عەیارە 24ـیش لە 505 هەزار دینارەوە بووە بە 495 هەزار.
تۆڕی 964 بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی لقی سلێمانیی سەندیکای زێڕنگەرانەوە دەزانێت، هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ راستکردنەوەی بارودۆخی دارایی سێ بانکی ئەمەریکا و ئەوروپا دەگەڕێتەوە، کە پێشتر ئیفلاسبوونیان راگەیاندبوو.
دلێر تاهیر، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای زێڕنگەران بە تۆڕی 964ـی وت “لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا چەند جارێکە نرخی زێڕ سەرەوخوار دەکات و کات هەیە 30 هەزار دینار سەردەکەوێت کاتیش هەیە هەرزان دەبێت”.
دەشڵێت؛ ناجێگیریی بارودۆخی ئابووریی ئەمەریکا و ئەوروپا و زیادکردن و کەمکردنی رێژەی سوو لە ئەمریکا کاریگەریی راستەوخۆیان لە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە لە جیهاندا.