رێگاى بەغدا

لە رووداوێکى هاتوچۆدا؛ ژنێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکە بە قورسى بریندارن

964+
سیروان خورشید – خورماتوو

لەسەر رێگای سەرەکی کەرکوک – بەغدا لە نزیک “چێشتخانەی باخیرە” لە سنوری نێوان خورماتوو – داقوق روداوێکی هاتووچۆی جۆری وەرگەڕان روویدا و بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەست دا و سێ کەسی دیکەش بەسەختی برینداربوون.

ئۆتۆمبێلەکە لە جۆرى “هۆندا تۆکسۆن” بووە و چوار کەسى تێدا بووە، بە وتەى محەمەد جاسم، کارمەندی هاتوچۆی داقوق کە بۆ 964 قسەى کردووە،  روداوەکە بەهۆی تیژڕەوی و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی شۆفێرەکەوە روویداوە و بەهۆیەوە ژنێمى سەروو تەمەن 50 ساڵ دەستبەجێ گیانى لەدەستداوە و سێ سەرنشینى تریش کە دوو پیاو ژنێک بوون بە سەختى بریندار بوون.

لەبارەى رەوشى بریندارەکانەوە، حسێن رەشید، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی داقوق، بە 964ـی راگەیاند،” تەرمی ژنێک و سێ برینداری روداوەکە گەیاندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و چارەسەری سەرەتایی بۆ بریندارەکان کراوە، بەڵام دۆخی تەندروستیی هەرسێکیان ناجێگیرە و لە ژێر چاودێریی پزیشکدان، تەرمی ژنەکەش ڕەوانەی پزیشکی داد لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک کراوە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح