وەرگرتنى کرێى کەڵەکەبووى قەرزى کارەبا لەلایەن کارمەندێکى بەشى فرۆشتنى وزە لە بەڕێوەبەرایەتى کارەباى سلێمانى وێنە:964+
قەرزەکانتان بدەنەوە
ئەمڕۆ کۆتا رۆژى داشکاندنى 50%ـى قەرزى کارەبایە
وریا فەتاح
رۆژى 3ـى ئابى 2026، داشکاندنى 50%ـى کرێى قەرزى کارەبا دەستیپێکرد و تا کۆتایى ئەمڕۆ هاوبەشانى کارەبا دەتوانن قەرزى کۆنى کارەبا بە داشکاندنى 50% بدەن.
وەزارەتەکە داشکاندنەکە بە ناوازە ناودەبات و ئاشکراشى دەکات کە قەرزەکە پڕۆژەى رووناکى ناگرێتەوە.
داشکاندنەکە بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن کراوە:
50% داشکاندن: بۆ سەرجەم هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی.
25% داشکاندن: بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری (جگە لەو هاوبەشانەی کە فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە).
وەک ئەوەى روونکراوەتەوە، پڕۆسەی داشکاندنەکە لە نێوان 3ی ئاب بۆ 10ی ئەیلولی 2026 جێبەجێ دەکرێت. مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە ئەوەیە کە هاوبەشان دەبێت بەیەکجار تەواوی بڕی قەرزە کۆنەکانیان (دوای لێدەرکردنی داشکاندنەکە) بدەنەوە.
هاوکات وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە تەنیا قەرزی کۆن دەگرێتەوە و پارەی پسوولەکانی پڕۆژەی (رووناکی) ناگرێتەوە.