رێی چوونە ژوورەوەیان گرتووە
دانیشتوانی سەن تاوەر لەبەر خراپی کارەباو خزمەتگوزاری هاتوونەتە دەرەوە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەم هەفتەیە دووەمجار بەشێک لە دانیشتوانی سەن تاوەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دێنە دەرەوە، دەڵێن بە دەست خراپی کارەباو خزمەتگوزارییەوە ناڕەحەت بوون و داوای چارەیەک دەکەن.
سەن تاوەر لە رێی بەحرکەیە، بە نزیکەیی 750 یەکەی نیشتەجێبوونی تێدایە، ئەو خەڵکەی ئەمشەو هاتبوونە دەرەوە دەیانوت کارەباکەیان زۆر گرانە، ئەمە جگە لەوەی خزمەتگوزارییەکەیان بە کەڵک نایەت و باش پاک ناکرێتەوە، ئەمە یەکەمجاریش نییە، پێنجشەممەی رابردوو بۆ هەمان مەبەست هاتبوونە دەرەوەو رێی سەرەکی چوونەژوورەوەی پرۆژەکەیان گرتبوو.
فادی سومەر دانیشتووی ئەو پرۆژەیەیە بە 964ی وت ”ئێستا کارەبایان باش کردووە بەس زۆر گرانە، بۆ 10 رۆژ بڕی 127 هەزار دینارم داوە بە کارەبا، زبڵیش فڕێ نادەن و پەیژەکان زۆر پیسن”.
کارەبای ئەم پرۆژەیە هەمووی مۆلیدەیە، خەڵکەکە دەڵێن پرۆژەی رووناکیمان بۆ بهێنن.
سەمەر سامان تۆما دانیشتوویكی تری پرۆژەی لالاڤ سەن تاوەرە بۆ 964 وتی” لە مانگی 9ی ساڵی رابردووەوە لێرە نیشتەجێین، جاران کارەبا بە مەتر بوو، ئێستا داویانە بە کۆمپانیا ئەوەندە گرانە لە کڕین نایەت”.
ئەو خەڵکەی لەوێ نیشتەجێن دەڵێن چەند جارێک سکاڵایان بردووەتە لای ئیدارەی پرۆژەکە بەس چارەیان بۆ ناکەن، پەیامنێری 964 چوو لێیانی پرسی بۆ حاڵەکە وایە؟ هونەر ئەحمەد سەرپەرشتیاری خزمەتگوزاری لالاڤ سەن تاوەر وتی ”پێمان وتوون دوای سەری مانگ کێشەکان چارەسەر دەکەین، تا سەری مانگ لەسەرمان بوەستن پارەی کارەبا زۆر دێتە خوارەوە”.