"ژەهرە"
“خراپترین داهێنانە”؛ ئەو نایلۆنەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پێ دادەپۆشرێت
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
ئەو نایلۆنەی کە جوتیاران بۆ داپۆشین و خێرا پێگەیاندنی بەرهەمەکانیان بەکاری دەهێنن، لەبری قازانج، بێئاگایانە خاکەکەیان ژەهراوی دەکات. پسپۆڕێکی ژینگەش هۆشداری دەدات و بە “خراپترین داهێنانی کشتوکاڵی” ناوی دەبات.
دکتۆر کارزان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی بواری ژینگە، لە لێدوانێکدا بۆ 964، پەردەی لەسەر مەترسییەکی گەورەی ئەو نایلۆنانە هەڵماڵی و وتی، “بەهۆی ئەوەی کوالێتیی نایلۆنەکان زۆر خراپە، دوای ماوەیەک بەرکەوتنیان بە تیشکی خۆر، ورد دەبن و بە ئاسانی تێکەڵی خاکەکە دەبن، بە جۆرێک کۆکردنەوەیان مەحاڵ دەبێت”.
کێشەکە تەنیا تێکەڵبوونی نایلۆن نییە بە خاک، بەڵکو ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی تێکدانی سیستەمی سروشتیی زەوییەکە. دکتۆر کارزان روونی دەکاتەوە، لە وەرزی بارانباریندا ئەو پارچە نایلۆنانە رێگری دەکەن لەوەی ئاو بچێتە ژێر خاکەکەوە، لەبری ئەوە ئاوەکە بەسەر رووی زەوییەکەدا دەڕوات و وەک لافاو ماددە بەسوود و بەپیتەکانی خاکەکە لەگەڵ خۆیدا دەبات. ئەمەش وا دەکات جوتیار بۆ قەرەبووکردنەوەی پیت و بەرەکەتی زەوییەکەی، ناچار بێت پەنا بۆ بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە پەینی کیمیایی ببات.
“کەمیی بەرهەم و خراپیی کوالێتییەکەی، بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نایلۆنەی تێکەڵی خاکەکە دەبێت”، دکتۆر کارزان وای وت.
مەترسیدارترین بەشی قسەکانی ئەم پسپۆڕە ئەوەیە کە دەڵێت: “ئەگەر تەنیا یەک ساڵ ئەم نایلۆنە بەکاربهێنرێت و لەناو زەوییەکەدا بمێنێتەوە، کاریگەرییە خراپەکەی تا 20 ساڵ بەردەوام دەبێت، جا وێنای ئەوە بکە ئەگەر جوتیارێک هەموو ساڵێک ئەم کارە دووبارە بکاتەوە، چ کارەساتێک بەسەر زەوییەکەیدا دەهێنێت!”.
بۆ دەربازبوون لەم کێشەیە، ئەم پسپۆڕەی ژینگە ئامۆژگاریی جوتیاران دەکات، ئەگەر هەر ناچارن زەوییەکانیان دابپۆشن، با نایلۆنێکی ئەستوور و کوالێتی باش بەکاربهێنن کە بەرگەی تیشکی خۆر بگرێت و ورد نەبێت، بۆ ئەوەی لە کۆتایی وەرزەکەدا بتوانن بە ئاسانی کۆی بکەنەوە و رێگە نەدەن خاکەکەیان وێران بکات.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح