ئەمڕۆ جوتەکان چوونە سەرەوە

تاک و جوتیش حەلى نەکرد؛  لە گەرمیان سەرەی بەنزین هەر کۆتایی نایەت

964+

میلاد جەلال – گەرمیان
بڕیار بوو سیستەمی “تاک و جوت” ببێتە چارەسەر و کۆتایى بە نۆرەى دوور و درێژى وەرگرتنى بەنزین بهێنێت، بەڵام ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی جێبەجێکردنیدا لە گەرمیان، دەرکەوت کە ئەم پلانەش دەردی سەرەی بەنزین چارەسەر ناکات.
لەپێناو کەمکردنەوەی جەنجاڵی و کورتکردنەوەی ئەو نۆرە درێژەی بەردەم وێستگەکانی سووتەمەنی، لە ئەمڕۆوە شێوازی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری (حکومی) لە گەرمیان گۆڕدرا. بەپێی پلانە نوێیەکە، لە هەفتەیەکدا سێ رۆژ تەنیا بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە تەرخان کراوە کە کۆتا ژمارەی تابلۆکەیان جوتە، سێ رۆژەکەی دیکەش بۆ ژمارە تاکەکانە.
ئەمڕۆ کە یەکەم رۆژی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بوو، نۆرەی تێکردنی بەنزین تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلە ژمارە جوتەکان بوو. هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشبینییان دەکرد بەم کارە قەرەباڵغییەکە بۆ نیوە کەم ببێتەوە، بەڵام دیمەنی سەر شەقامەکان شتێکی دیکەیان دەوت.
میلاد جەلال، پەیامنێری 964 لە گەرمیان ڤیدیۆ دیمەنى نۆرەگرتنەکەى کردووە و دەڵێت: جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە، سەرەی ئۆتۆمبێلەکان رێک وەک رۆژانی رابردوو دوور و درێژ بوون و شۆفێران ناچار بوون بۆ چەندین کاتژمێر لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا چاوەڕێی سەرەی خۆیان بکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح