لە شەش مانگدا نزیکەی 570 نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی رانیە ئەنجام دراون – وێنە؛ وەزارەتی تەندروستی
50 تەختی دیکە بۆ نەخۆشخانەکە زیادکراوە
لە شەش مانگدا نزیکەی 570 نەشتەرگەری لە رانیە ئەنجام دراون
شۆڕش قادری
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە لە 50 تەختەوە بووە بە 100 تەخت و لە شەش مانگدا نزیکەی 570 نەشتەرگەری تێدا ئەنجام دراوە.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، تەنیا لە شەش مانگی رابردوودا، 568 نەشتەرگەری جۆراوجۆر لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە ئەنجامدراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بە مەبەستی خزمەتی زیاتری هاوڵاتیانی دەڤەرەکە، نەخۆشخانەکە لە 50 تەختەوە زیادکراوە بۆ 100 تەخت و تاقیگەی پێشکەوتووی تێدا دانراوە بۆ تەواوی پشکنینەکان.
وەک تەندروستی هەرێم دەڵێت، نەخۆشخانەکە بووەتە وێستگەیەکی گرنگ بۆ زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتی و توانیویەتی کێشەی نەبوونی ناوەندی پزیشکیی فریاگوزاری لە ناوچەکە چارەسەر بکات.
پێشتر هاوڵاتیانی رانیە ناچاربوون بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتە تەندروستییە لەناکاوەکان روو لە پارێزگەکانی تر بکەن، بەڵام لە ئێستادا دەڤەرەکە بۆ ئەم پێویستیانە بە تەواوی پشت بە تواناکانی خۆی دەبەستێت.
هەروەها بوونی تاقیگەیەکی پێشکەوتوو لەنێو نەخۆشخانەکەدا، وایکردووە تەواوی پشکنینە پێویستەکان بۆ نەخۆشەکان لە شوێنی خۆیدا ئەنجام بدرێن.