لە بەرەبەیانەوە هاتوون

ژینگەپارێزەکانی حەسار لە بارگرانی شانیان نیگەرانن

بڕوا مەجید – سەیدسادق

لە فێستیڤاڵەکەی حەسار هەرکەس بێت و بچێت، شتیک بخوات یان بکڕێت، پاشماوەی دەبێت، ئەوانەی دەیخەنە سەللەی خۆڵەوە کارئاسانیی بۆ ژینگەپارێزەکان دەکەن، ئەوانەی دەیڕێژن دەبنە بێ ئاگان لەوەی دەبنە بارگرانی بۆیان.

دوو مامەی ژینگە پارێز قسە بۆ پەیامنێری 964 دەکەن، دەڵێن، لە 2:00ی بەرەبەیان و 5:00ی بەرەبەیان هاتوونەتە دەرەوە بۆ ئەەوەی ژینگەی ناوچەکە پاک بکەنەوە.

ئەو کارەی ئەوان بارگرانییە وەک خۆیان باسی دەکەن، ئەو بارگرانییە کاتێک زیاتر دەبێت کە خەڵک بێ ئاگایانە خۆڵ و پاشماوەیان بڕێژن و بیر لەوە نەکەنەوە کەسانێکی دیکە هەن، لەدوای ئەوان دەبێت پشتیان بچەمێتەوە و ژینگەی ئەو ناوچە پاک بکەنەوە.

پێشتر، هێمن حەبیب سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی حەسار بە 964ـی وت، لە ماوەی سێ رۆژی فێستیڤاڵەکەدا 70 هەزار کەس سەردانی حەساریان کردووە و بە نزیکەیی بە بەهای 59 ملیۆن دینار کەلوپەل و بەرهەم فرۆشراوە.

وتیشی، دوای فێستیڤاڵەکە، بۆ ماوەی هەفتەیەک شوێنەکە دادەخرێت بەمەبەستی لابردنی کۆشک و کەپرەکان و پاککردنەوەی جێگەکە.

فێستیڤاڵی حەسار لە سەیدسادق کە سێ رۆژی خایاند، ئامانج لێی ناساندنی سەرچاوەی ئاوی حەسار بوو وەک جێگەیەکی گەشتیاری و نزیکەی 100 فرۆشیار بە کەلوپەلی جیاواز و بەرهەمی خۆماڵییەوە بەشدارییان تێدا کرد.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا