کارەساتەکەى نیپاڵ تا دێت گەورەتر دەبێت

زیاتر لە 5 هەزار کەس بێسەروشوێنن؛ تەرمى سەدان کەس دۆزراونەتەوە

وریا فەتاح

تەنیا چەند کاتژمێرێکی کەم بەس بوو بۆ ئەوەی ژیانی هەزاران کەس لە باکووری نیپاڵ وێران ببێت. لافاوێکی لەناکاو و بەخوڕ، گوند و شارۆچکەکانی راماڵی و دەیان هەزار کەس، کە زۆرینەیان منداڵن، لە دۆخێکی کارەساتباردان.

رۆژی 26ـی ئابی 2026، لافاوێکی گەورە لە ناوچەکانی سنووری نێوان نیپاڵ و تبت دروست بوو. سەرەتا وا دەزاندرا بوومەلەرزە هۆکارەکەیەتی، بەڵام دواتر دەرکەوت چەند پارچە سەهۆڵێک و بەردێکی زەبەلاح لە چیاکانی هیمالایا هەرەسی هێناوە و بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی ئاو لە رووباری بۆتێ کۆشی.

نوێترین ئامارى زیانەکان و قوربانییەکان تا ئەمڕۆ:

1365  تەرم دۆزراونەتەوە
5  هەزار کەس بێسەروشوێنن
589 گەشتیار و بیانى بێ سۆراغن

65 هەزار کەس زیانیان بەرکەوتووە

22 هەزاریان منداڵن
19 قوتابخانە بەتەواوى وێران بوون

80 قوتابخانە زیانیان پێگەشتووە

10 هەزار منداڵ لە خوێندن دابڕاون

ژمارەیەکى زۆر پرد رووخاون

رێگاى دەیان گوند و ناوچە پەکى کەوتووە

یونسێف دەڵێت: ئێستا خێزانەکان بێ ئاوی پاک، خۆراک، دەرمان و شوێنی مانەوەن. مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و بەدخۆراکی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە. یونسێف هۆشداری دەدات کە ئەو منداڵانەی پێشتریش لاواز بوون، ئێستا مەترسیی گیانلەدەستدانیان لەسەرە بەهۆی بەدخۆراکییەوە.

یونسێف بە هاوکاریی حکومەتی نیپاڵ خەریکی گەیاندنی فریاگوزارییە. پاکێجی پاکوخاوێنی، خێمەی پزیشکی، و خۆراکی تایبەت بەو منداڵانەی بەدخۆراکین رەوانەی ناوچەکان دەکرێن. هەروەها تیمەکانی دەروونناسی کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو منداڵانەی لە خێزانەکانیان دابڕاون، بڕێک پارەی نەختینەییش وەکو هاوکاری بەسەر خێزانەکاندا دابەش دەکرێت.