سەرتاشەکان خۆیان یەکلا دەکەنەوە
بۆ رێکخستنەوەی کاتی کردنەوەی سەرتاشخانەکانی سلێمانی دەنگدان دەکرێت
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
ئەمڕۆ لە سلێمانی سەرتاشەکان دەنگ دەدەن بۆ یەکلاکردنەوەی کاتی کردنەوەی سەرتاشخانەکان کە کاتەکەیان لە کاتژمێر 08:00ـی بەیانیەوە تا 08:00ـی شەو بێت یان نا.
دەرون رزگار، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە 964ـی وت، “دەنگدانەکە بە سەرکەوتوویی دەروات و سەرتاشەکانیش بەگوڕ و تینەوە دێن بۆ دەنگدان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش هاتوون و چاودێری پرۆسەکە دەکەن”.
وتیشی، “دەنگدانەکە بەپێی هەویەی تەندروستی دەبێت بۆیە غەلوغەشی تێدا ناکرێت”.
یەکێکیش لە چاودێرانی پرۆسەی دەنگدانەکە بە 964ـی وت، “سەرتاشەکان بە رازی و ناڕازیەوە رێکەوتن لەسەر ئەوەی بە دەنگدان کاتی کردنەوەی سەرتاشخانەکان دیاری بکەین و ئەم دەنگدانە سەنگی مەحەک دەبێت”.
سەرتاشێکیش کە بەشداری دەنگدانەکەی کرد بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ لای من جەژن بووە و کە هەستاوم لەخەو، قەیسی و برنجم خواردووە و چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد سەندیکا بێت بە دەنگی سەرتاشەکانەوە و بە دەنگدان کێشەکەمان یەکلا بکاتەوە”.
وتیشی، “کاتی ئیشکردنمان زۆر بووە و دەمانەوێ کاتەکەی لە 17 کاتژمێرەوە بکەین بە 12 کاتژمێر، بەم شێوەیەش ئیشەکان رێک دەبنەوە و ئیسراحەت دەکەین”.
پێداچوونەوە: شیرین ساڵح