"هەرچەندە تەمەنم هەڵکشاوە بەڵام بەدڵ جەوانم"

حاجی زیبا؛ 27 ساڵە لە شاخ و کێو دانەبڕاوە و سەرپەرشتی گروپێکی خانمان دەکات

رازاو محەمەد – بانە

وەرزش لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە پێویستییەکی رۆژانە و رەگەز و تەمەن ناناسێت، ئەوەتا گروپێک لە خانمانی شاری بانە 27 ساڵە بە بەردەوامی کۆدەبنەوە و پیادەڕەوی دەکەن، چالاكیەك کە بووەتە بەشێک لە ژیانیان و ئەستەمە بتوانن لێی دووربکەونەوە.

حاجی زیبا کە وەک دایکێکی دڵسۆز و بەئیرادە سەرپەرشتی گروپەکە دەکات، قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەرچەندە تەمەنم هەڵکشاوە بەڵام بەدڵ جەوانم و کاتێک گروپەکەشم دەبینم هێندەی دیکە گەنج دەبمەوە”.

“شەکرەم هەیە و چەندە بە دەوا و دەرمان شەکرەکەم دادەبەزێ، سێ هێندە بە پیادەڕەوییەکە دادەبەزێ، هەتا قاچیشم بڕوا، ئیشاڵا هەر دەڕۆم”، حاجی زیبا وادەڵێت.

ئەندامانی گروپی پیادەڕەوی هەدیە، حاجی زیبایان کردووەتە گەورە و پێشڕەوی خۆیان و لە قسەی دەرناچن، خانەوادەکانیشیان پاڵپشتیان دەکەن و هەرچییەک لەدەستیان بێ، بۆیان دەکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری