لۆگۆی حکومەت لەسەر داوەتنامەکان نەبووە
نمایشی پیانۆ لە هەولێر راگیرا
شۆڕش قادری
نمایشی شانۆی پیانۆ لە هەولێر ناکرێت، چونکە لۆگۆی حکومەتی هەرێم بەسەر داوەتنامەکانیانەوە نەبووە.
پەیجی فەرمی شانۆی پیانۆ لە ئاگادارییەکدا دەڵێت، بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی و لێکتێنەگەشتنی داوەتنامەکانی نمایشەوە، کە لۆگۆی حکومەتی هەرێم لەسەرەوەی پۆستەرەکە نەبوو، بەبڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری نمایشی شانۆی پیانۆ راگیراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەرچی لۆگۆکان چاک کراون، بەڵام وەزارەتی رۆشنبیری سوورە لەسەر ئەوەی نمایشەکە لە هەولێر نەکرێت.
ستافی شانۆی پیانۆ داوای لێبوردن لە بینەرانی شاری هەولێر دەکەن و دەڵێن، “هیچ شتێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگتر نییە بۆ ئێمەی کورد و ئەوەی روویدا هەڵەیەکی تەکنیکی و لێکتێنەگەیشتنی بێ مەبەست بووە کە باجەکەی سەد قات گەورەتر بوو”.
شانۆی پیانۆ پێشتر لە شاری سلێمانی نمایش کراوە و قەراربوو سبەی شەممە 5.9.2026 لە هەولێری پایتەختیش ئەنجام بدرێت.