شتەکان چۆن روویاندت؟

لاهور جەنگى؛ لە هاوسەرۆکى یەکێتییەوە بۆ بەردەم دادگا

وریا فەتاح

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ی ئەیلوولی 2026، دانیشتنی فەرمی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و هاوڕێکانیان لە دادگای تاوانەکانی 2ـى سلێمانی بەڕێوەدەچێت. ئەم دادگاییکردنە دوای زیاتر لە ساڵێک لە دەستبەسەرکردنیان دێت. لە کاتێکدا تیمی پارێزەران ڕایانگەیاندووە کە دۆخی دەروونی و تەندروستی دەستگیرکراوان بەهۆی مانگرتن و درێژەکێشانی کەیسەکەوە باش نییە.

چۆن لاهور جەنگى لە هاوسەرۆکایەتى حیزبێکەوە گەیشتە بەردەم بڕیارى دادگا؟

8ـى تەممووز

سەرەتاى رووداوەکان دەگەڕێتەوە بۆ 8ـى تەمموزى 2021، ئەو کاتەى لە بەرەبەیانییەکى ززودا لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووداوەکەش بە رووداوى 8ـى تەمووز ناسرا.

دورخرانەوە لە یەکێتى

دوای ئەم ململانێ ناوخۆیییە و گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی، لە 2ـی تشرینی دووەمی 2021 بە بڕیارێکی فەرمی بافڵ تاڵەبانی و مەکتەبی سیاسی، لاهور شێخ جەنگی بە تەواوی لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوورخرایەوە.

شەڕى لالەزار

لە 22ـى ئابى 2025، ناکۆکییەکان چوونە قۆناغێکى هەستیارەوە و رووبەڕووبوونەوەى چەکدارى روویدا کە بە “شەڕى لالەزار” ناسراوە.

دەستگیرکردنى لاهوور شێخ جەنگى

لە بەرەبەیانى ئەمڕۆژەدا، هێزە ئەمنییەکانى سەر بە یەکێتى گەمارۆی هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبوونی لاهور شێخ جەنگییان دا و دواى رووبەڕووبوونەوەیەکى قورس و کوژرانى لانیکەمى 7 کەس و برینداربوونى زیاتر لە 20 کەسى تر، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و دەیان کەسى تر لە پاسەوان و پێشمەرگەکانیان. دەستگیرکرا.

هەوڵى کوشتنى بافل تاڵەبانى
لە کۆتایى ئابى 2025، میدیاکانی نزیک لە یەکێتی تۆمارێکی دەنگی و ڤیدیۆییان بڵاوکردەوە کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و ئەژی ئەمین تۆمەتبار کران بە داڕشتنی پلان بۆ تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی. سەرەتا تۆمەتەکان بەپێی ماددەی 56 (تێکدانی ئاسایشی گشتی) بوون، بەڵام دواتر گۆڕدران بۆ ماددەی 406 (کوشتنی بەئەنقەست) بەهۆی کوژرانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە شەڕەکەدا. لایەنی لاهور شێخ جەنگی ئەم تۆمەتانەیان رەتکردەوە.

یەکەم دانیشتنى دادگا

12ـی کانوونی دووەمی 2026 (یەکەم دانیشتنی دادگا) بەڕێوەچوو، لاهور شێخ جەنگی بۆ یەکەمجار برایە بەردەم دادوەر لە سلێمانی. دادوەرەکە دانیشتنەکەی راگرت و بڕیاریدا کە دۆسیەکە بۆ وردبینی رەوانەی دادگای پێداچوونەوە (تێهەڵچوونەوە) لە هەولێر بکرێت.

مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە

لە نیسانى 2026، دەرکەوت کە دادگای سلێمانی تەنها کۆپییەکی پەڕاوەکانی ناردووە و ئەسڵی دۆسیەکەی لای خۆی هێشتووەتەوە، ئەمەش لەلایەن دادگای هەولێرەوە رەتکرایەوە. بەهۆی درێژەکێشانی نایاسایی راگرتنیان بۆ ماوەی 8 مانگ، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند و بافڵ و قوباد تاڵەبانییان تۆمەتبار کرد بە دەستێوەردان لە دادگا.

دانیشتنەکانی دادگا چەندین جار (لەوانە لە 5ی تەمموز و 24ی تەمموز) دواخران بەبێ گەیشتن بە هیچ بڕیارێکی کۆتایی، پارێزەرانیش بەردەوام داوای گواستنەوەی کەیسەکەیان دەکرد بۆ هەولێر لە پێناو دادگاییکردنێکی بێلایەن.

شیعرەکەى لاهور لە زیندانەوە

ئەگەر چی دیلم وا لە زیندانم
جەستەم شەکەت و ئازارە گیانم

من هەر ئەودیلەم دەستم بەستراوە
ڕووناکی خۆرم تاریک کراوە

دوور لە خێزان و ماڵ و منداڵم
ناحەز پێی خۆشە کە وایە حاڵم

پرسیارم بکەن نەک لە کۆبانێ
بڕۆن بۆ عەفرین تا سەرێ کانی

کێ بوو لەگەڵتان ڕۆژی تەنگانە
بتانپارێزێ لەو دڕندانە

بڕۆن بۆ ئامەد یاخود قەندیلم
لێیان بپرسن کوانێ بەدیلم

بڕۆ مهاباد لە ڕۆژهەڵاتم
سەربەرزی ئەوان ببووە خەباتم

بۆ خانەقینیش پشت و پەنابووم
بۆ کەرکوکی قودس خۆ من قەڵابووم

گلەی ناکەم لە دوژمنانم
خەمی گەلێک بوو دابووم بە شانم

بەڵام چی بکەم لە بێوەفایی
کە دۆستم دەیکات بۆ ناحەز شایی

ئێستاش بە دەستی دۆستم ئەسیرم
هەموو ئەوانە دێتەوە بیرم

بۆچی وایلێهات ئەم ڕۆژگارە
دۆست خۆی بفرۆشێ لە پێناو پارە

پارەی خۆفرۆش بڵقی سەر ئاوە
ئەوەی دەمێنێ تەنها هەر ناوە

خۆ دەیانزانی من گیانفیدابووم
عاشقی گەل و دەشت و چیابووم

زۆریان هەوڵدا تێکم بشکێنن
لەبەردەم دوژمن سوجدەم پێبێنن

سەرم پێشۆڕکەن بە نامەردانە
تا بیفرۆشم ئەم خاکە جوانە

وایاندەزانی من وەک ئەوانم
چۆک دادەنوێنم بۆ ناحەزانم

بیریان چووەتەوە من کوڕی خاکم
لەکۆت و بەندی زیندان بێ باکم

بۆیە ئەی خودای زۆر میهرەبانم
ئەی تۆی خالقی ئەرز و ئاسمانم

تاکەی قبوڵتە ئەم هەموو زوڵمە
کاتێک دەزانی کوردستان دڵمە

دڵ چۆن بفرۆشم من بەبێگانە
لای من کوردستان یاخود نەمانە

لاهور شێخ جەنگی
18ی ئابی 2026

ساڵیادى رووداوەکە
22ـى ئابى 2026، لە ساڵیادى رووداوەکەى لالەزاردا، کەسوکار و لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی لەبەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوە و داوای یەکلاکردنەوەی کەیسەکەیان کرد. تیمی پارێزەران ڕایانگەیاند کە دادگای سلێمانی 12 جار داواکاری دادگای باڵای پێداچوونەوەی هەرێمی بۆ ناردنی ئەسڵی دۆسیەکە رەتکردووەتەوە.
هە

هەمان رۆژ، ئاوات جەنگى خوشکى گەورەى لاهور جەنگى لە میدیاکانەوە مۆڵەتى یەک هەفتەىدا ئەگەر لەو ماوەیە نەخرێنە بەردەم دادگا، هەڵوێستێکى چاوەڕواننەکراویان دەبێت.

کۆتا قسەى لاهور شێخ جەنگى

لە ساڵرۆژى رووداوەکانى 22ـى ئاب، لاهور شێخ جەنگى لەپەڕەى خۆى لە فەیسبوک پەیامێکى بڵاوکردەوە و روو لە دادوەرەکان دەکات کە بەرپرسیاریى یەکەمن لەو رووداوانەى روویانداوە پێشیان دەڵێت: دڵنیابن مێژوو رەحمتان پێناکات.

رێک دواى ئەوە، بڕیار درا کە لە 3ـى ئەیلول دادگاییکردنى لاهورجەنگى و براکەیى و پێشمەرگەکانى بەڕێوە بچێت.

ئەمڕۆ بڕیار دەدرێت؟

ئەمڕۆ، 3ی ئەیلوولی 2026 رۆژى دادگاییکردنى  لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانییەتى لەبەردەم دادگای تاوانەکانی سلێمانیدا.