چالاکی جیاوازیان پێدەکرێت

لە هەولێر بە چەند هەنگاوێک کار لەسەر شیاندنەوەی سزادراوانی مادەی هۆشبەر دەکرێت

فەرهاد حەسەن

لە  بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر پرۆسەی شیاندنەوە بۆ سزادراوانی مادەی هۆشبەر بەردەوامە ولە پلانی تازەشیاندا بە چەند هەنگاوێک بەرەو ئەم سزادراوانە  بەرەو ژیانێکی نوێ دەبەن.

لەو بەڕێوەبەرایەتییە سەنتەرێکی تایبەت بە شیاندنەوەی بەکارهێنەران و ئاڵودەبووانی مادەی هۆشبەر هەیە، کە هەوڵیان بۆ گۆڕینی تەواوەتی شێوازی ژیان و دروستکردنی داهاتوویەکی پڕە لە هیوایە بۆ ئەو سزادراوانە.

بەپێی پلانی نوێی ئەو سەنتەرە، بە وەرزشییە بەیانییەکان دەست پێدەکات، کە رۆڵێکی گرنگ لە چالاککردنی جەستە و مێشک، باشترکردنی دۆخی دەروونی و بەهێزکردنی هەستی متمانە بەخۆبوون دەگێڕێت.

دواتر، سزادراوان بە شێوەیەکی رێکخراو دابەش دەکرێن بۆ دوو گرووپی شیاندنەوە کە هەر یەکێکیان لەلایەن ڕاهێنەر و یاریدەدەری ڕاهێنەرەوە بە شێوەیەکی پیشەیی سەرپەرشتی دەکرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی شیاندنەوە بەپێی پێویستییەکانی بەشداربووان و بە شێوەیەکی گونجاو بەرەوپێش بچێت.

هەر بەپێی پلانەکەیان، کۆمەڵێک چالاکی و پرۆگرامی جۆراوجۆری دیکە هەیە، لەوانەش وشیاریی گشتی و تەندروستی، راهێنانی دەروونی، بابەتە ئاینییەکان و میوزیک.

چاکسازی دەڵێت، ئەم چالاکی و بەرنامانە لەلایەن کەسانی پسپۆر و شارەزا بە شێوەیەکی رێکخراو پێشکەش دەکرێن، بۆ ئەوەی بەشداربووان بتوانن تواناکانیان پەرە پێبدەن، متمانە بەخۆیان بگەڕێننەوە و خۆیان بۆ ژیانێکی سەربەخۆ و بەرهەمدار ئامادە بکەن.