گەیشتە قامیشلۆ و دێرک
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان دژی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی سوریا لە رۆژئاوا فراوانتر دەبێت
فەرهاد حەسەن
چەندین ناوچەی جیاوازی پارێزگای حەسەکە، لە دژی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی سوریا لەبارەی خوێندنی زمانی کوردی گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و داواین کرد ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە
بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە کەمکردنەوەی بەشەوانەی زمانی کوردی بۆ تەنیا سێ کاتژێر لە هەفتەیەکدا.
بەپێی راپۆرتێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری قامیشلۆ ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و مامۆستایان لەبەردەم باڵاخانەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە کۆبوونەوە و جەختیان لەوەکردەوە کە زمانی کوردی کۆڵەکەی سەرەکیی ناسنامەی نەتەوەیی و کولتووریی ئەوانە و نابێت تەنیا وەک وانەیەکی لاوەکی و سنووردار مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
هاوکات، هەر ئەمڕۆ لە شاری دێرک، گردبوونەوەیەکی هاوشێوە بەڕێوەچوو و تێیدا راگەیەندراوێک خوێندرایەوەو وتیان “مافی گەلی کوردە لە سوریا کە تەواوی پڕۆگرامی خوێندنی بە زمانی دایکی بێت، ئەمە مافێکی رەوایە و لەگەڵ هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و مافە زمانەوانییەکان دەگونجێت.”
خۆپیشاندەران لەهەردوو شوێن، چەندین دروشمیان بەرزکردبووەوە بۆ دووپاتکردنەوەی پەیوەستبوونیان بە زمانەکەیان، داواکاری سەرەکییان لە لایەنە بەرپرسەکان ئەوە بوو کە بەو بڕیارەدا بچنەوە و زمانی کوردی وەک زمانێکی سەرەکی لە ناوەندەکانی خوێندندا جێگیر بکەن، بە جۆرێک کە وەڵامی داخوازییەکانی گەلی کورد و ستافی پەروەردەیی بێت.