بەردەڕەش لە شەوێکدا سێ گەنجی لەدەستدا
964+
زەید کۆچەر – بەردەرەش
ئەمڕۆ پرسەی سێ گەنجەکەی قەزای بەردەڕەش بەڕێوەچوو کە شەوی رابردوو بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی لە پرسەکان ئامادەبوون، چونکە رووادوەکە بووەتە هۆی دڵگرانیی هەموو دانیشتووانی ئەم قەزایە و هەرێمی کوردستان، کە لە یەک شەودا سێ گەنج بەخەسارچوون.
لە هەر کەسێکی ئەم قەزایە بڕوانی خەمی ئەم رووداوەی شەوی رابردوو لە چاوەکانی دەبینیت، خێزانەکان پێیانوایە کوڕەکانی خۆیان لەدەستداوە.
964 لە پرسەی سێ گەنجەکە بوو، کە ناویان عەمار و هۆگر و ئەیمەن بووە.
قاسم قەچۆ، باوکی یەکێک لە گەنجەکان بە 964ی وت، ئەو هێشتا سوپاسی خودا دەکات، چونکە کوڕەکەیان لە بارودۆخێکی خراپدا گیانی لەدەست نەداوە، بەڵکو تەنیا لەگەڵ هاوڕێکانی ویستوویەتی پیاسە بکات.
تۆڕی 964 دەزانێت، ئەو چوار گەنجە هاوڕێی یەکتری بوون و شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ویستوویانە لە بەردەڕەشەوە بۆ پیاسە بچن بۆ ئاکرێ، بەڵام لە رێگا سەیارەکەیان وەرگەڕاوە و سووتاوە، دووانیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، دووانەکەی دیکە گەیەندرانە نەخۆشخانەی ئاکرێ. پاش چەند کاتژمێرێک سێیەمیشیان گیانی لەدەستدا و چوارەمیان تاوەکو ئێستا لەژێر چاودێریدایە لە هەمان نەخۆشخانە.
سالار ئیسماعیل، ئامۆزای ئەو گەنجەی پاش چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا ئاماژە بەوە دەکات، کە خەڵکێکی زۆر لە قەزای بەردەڕەش بەم ‘کارەساتە” دڵگرانن.
باوکەکان هەر سوپاسی خودای خۆیان دەکەن لەسەر ئەوەی بەسەریاندا هاتووە، پێیانوایە تاقیکردنەوەی خوداییە.
رووداوەکە لەسەر رێگای رۆڤیا بەردەڕەش بوو، لەو دوو گەنجەی بردرانە نەخۆشخانە یەکێکیان لە ژیاندا ماوە و بە قسەی تەندروستی ئاکرێ حاڵی باشە.