بە سینى خواردن دەبەن بۆ مزگەوت

لە سرێشمە یادی مەولود بە تاموبۆنی کوردەوارییەوە دەکرێتەوە

ئاکام غەفور- سۆران

هاوشێوەى ساڵانى رابردوو و لەسەر دەستوورى کۆنى کوردەواریى، لە ناحیەی سرێشمە، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر(د.خ) کرایەوە. هاوڵاتیان خواردنیان خستە سەرسینى و لە مزگەوت پێکەوە نانیان خوارد.

دیمەنەکە بەشێوەیەک بوو هاوشێوەى سەردەمانى زووو، هەر ماڵێک ئەوەی بۆ نانی ئێوارە هەیەتی دەیخاتە ناو سینییەک پاشان کوڕی ماڵەکە سینییە پڕ لە بەرەکەتەکە هەڵدەگرێت و بۆ باوکی یان برا گەورەکەی دەباتە مزگەوت.

مام شەهاب محەمەد، یەکێک لە پیاوە دیارەکانی ناوچەکە، بۆ 964 باس لە نهێنیی هێشتنەوەی ئەم کلتوورە دەکات و دەڵێت: “ئەگەر لە یەک شوێن خواردن ئامادە بکەین، ئەوە کابانەکانی ماڵ بێبەش دەبن لەو خێرە. بۆیە هەر لەسەر ئەو دەستوورە کۆنەین بۆ ئەوەی ژنانیش پشکیان لەم بەخشینەدا هەبێت.”

مام شەهاب بە روویەکی خۆشەوە دەشڵێت، ئەوان بە میوانداریکردنی خەڵک و بەرزڕاگرتنی ئەم یادە، دڵیان ئارام دەبێت

.

کاتێک سینییە جۆراوجۆرەکان دەگەنە ناو حەوشە و هۆڵی مزگەوتەکە، جیاوازییەکان نامێنن. خەڵکی ناوچەکە، رێبواران و هەر میوانێک کە لەو کاتەدا لەوێ بێت، بێ جیاوازی پێکەوە لەسەر یەک سفرە دادەنیشن و نانی مەولود دەخۆن.

دوای ئەوەی سینییەکان بەتاڵ دەبن و دەگەڕێنرێنەوە ماڵەوە، کەشە ئیمانییەکە دەستپێدەکات دەنگی زیکر، سەڵاوات و موناجاتی ئایینی دەخوێندرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح