"شیرین و خۆشە زمانی کوردی"
رۆژئاوای کوردستان لە دژی کەمکردنەوەی وانەی کوردی لە سوریا وەستایەوە
فەرهاد حەسەن
مامۆستایانی زانکۆ دژی کەمکردنەوەی بەشەوانەی کوردی لە سوریا وەستانەوە و لە بەشێکی ئەو دروشمانەی بەرزیان کردبووەوە نووسرابوو “شیرین و خۆشی زمانی کوردی”.
بڕیاری کەمکردنەوەی کاتژێرەکانی خوێندنی زمانی کوردی بۆ سێ وانە لە هەفتەیەکدا، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی لە ناوەندە زانستی و پەروەردەییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لێکەوتووەتەوە.
زانکۆی رۆژئاڤا لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، ئەم بڕیارە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستمە پەروەردەییەیە کە ماوەی 12 ساڵە لە ناوچەکەدا کاری لەسەر دەکرێت. جەختی کردەوە کە کوردی دەبێت زمانی “خوێندن” بێت نەک تەنیا “وانەیەکی لاوەکی”.
زانکۆکە پێشنیاری “سیستەمی دووزمانی”ی کرد، کە تێیدا بابەتە زانستییەکان بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بخوێندرێن بۆ پاراستنی مافی هەمووان.
لەلایەکی دیکەش ێکخراوی “مؤتمر ستار” بڕیاری کەمکردنەوەی کاتەکانی خوێندنی زمانی کوردی رەتکردەوە و رایگەیاند کە خوێندن بە زمانی دایک مافێکی بنەڕەتییە و نابێت بکرێتە قوربانیی مامەڵەی سیاسی، هۆشداریشیدا کە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی زمانی کوردی کاریگەریی نەرێنیی دەروونی و پەروەردەیی لەسەر ئەو منداڵانە دەبێت کە ساڵانێکی زۆرە بە زمانی دایکی خۆیان خوێندوویانە.
ناڕەزاییەکان هەر لەو دوو شوێنەی رۆژئاوای کوردستان نەبوو بەڵکو مامۆستایانیش لەشاری حەسەکە لەبەردەم باڵاخانەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی شارەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا، داوایان کرد حکومەت لە بڕیارەکەی پاشگەز ببێتەوە و زمانی کوردی وەک زمانێکی سەرەکی لە پڕۆسەی خوێندندا بمێنێتەوە.