هەنگاوی نوێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال؛

سندوقی ئاوەدانکردنەوە دادەمەزرێت و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی پڕۆژەکان دەکات

فەرهاد حەسەن

نەتەوە یەکگرتووەکان هەنگاوی نوێ بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال دەنێت و دەیەوێت دوای تاوتوێی پلانی ستراتیژی بۆ ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە، سندوقێکی ئاوەدانکردنەوەشی بۆ دابمەزرێنێت و هەر خۆیشی سەرپەرشتی پڕۆژەکان بکات.

پارێزگاری نەینەوا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێشوازی لە تیتۆن میترا، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) لە عێراق کردووە و باسی ئەم بابەتەی تایبەت بە شنگالیان کردووە.

پارێزگاری نەینەوا جەختی لەوەکردەوە کە قەزای شنگال لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی ناوەندی و خۆجێییدایە و بەم زووانەش سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەرنامەیەکی گشتگیر بۆ شنگال رادەگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانجی سەردانی نوێنەرەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، دروستکردنی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگالە بۆ گەشەپێدانی کەرتە جیاوازەکان، بەهێزکردنی تەبایی کۆمەڵایەتی و رەخساندنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.

نوێنەرەرەکەی (UNDP) ئاماژەی بەوەکرد کە سەرۆک وەزیران فەرمانی دیوانی بۆ کاراکردنی پلانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی شنگال دەرکردووە، کە پلانی ئەمجارە بە چەند قۆناغێک دەبێت.

قۆناغی یەکەم، جەختکردنەوە لەسەر سەقامگیری و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی بنەڕەتی ئاو، کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، قۆناغی دووەمیش دەستپێکردنی پڕۆژەی گەورەی بونیادنان و گەشەپێدانی ئابووری بۆ ناوچەکە.

تیتۆن میترا ئاشکرای کردووە، کە ئێستا کار دەکرێت بۆ کردنەوەی نووسینگەیەکی تایبەت بە بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان لە ناو قەزای شنگالدا و ئەم نووسینگەیە لەژێر چاودێریی راستەوخۆی راوێژکارانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بە سەرپەرشتی (UNDP) کار دەکات، پلانەکەش گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و بەم زووانە پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ پەسەندکردن.