گەنجێک گیانی لەدەستدا و ئۆتۆمبێلێک و دوکانێکیش سووتان

لە خورماتوو لەکاتی بەتاڵکردن و گواستنەوەی بەنزین ئاگرکەوتەوە

سیروان خورشید – خورماتوو

لە نزیک دەروازەی باکووری قەزای خورماتوو، لەکاتی بەتاڵکردن و گواستنەوەی بەنزین بە دەبە، ئاگرکەوتەوە، گەنجێک گیانی لەدەستدا و ئۆتۆمبێلێک و دوکانێکیش بەتەواوەتی سووتان.

پشتیوان عەبدوڵا شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە 964ـی وت، ئاگرەکە لەناو دوکانێکی بەنزین فرۆشتن بەرامبەر گەڕەکی برایەتی کەوتووەتەوە، جگە لە سووتانی دوکانەکە و ئۆتۆمبێلێک، هاوڵاتییەکیش بەشێکی جەستەی سووتاوە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە”.

ئیبراهیم خالید ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ـی وت، کەمێک پێش ئێستا ئەو کەسەی براوەتە نەخۆشخانەکە، بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، ئەو هاوڵاتییە، گەنجێکە کە تەمەنی نزیکەی 20 ساڵە، کاری بەنزین فرۆشتنی کردووە، کوردە و دانیشتووی گەڕەکی کۆماری قەزای خورماتووە.