لە هۆنگ کۆنگەوە بۆ فەلوجە

هەڵمەتێکی گەنجینەی ئەمریکا؛ واشنتۆن تۆڕە نهێنییەکانی تاران راو دەنێت

فەرهاد حەسەن

لە نوێترین هەڵمەتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا، پەردە لەسەر تۆڕێکی جیهانیی ئاڵۆز لادراوە کە هاوکاری تاران دەکەن بۆ تێپەڕاندنی سزاکان، کە سزاکانیش تەنیا کۆمپانیا ئێرانییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو ناوبژیوانانەش دەگرێتەوە کە لە هۆنگ کۆنگەوە تاوەکو ناو جەرگەی فەلوجە، خەریکی کڕین، گواستنەوە و سپیکردنەوەی پارە و کەلوپەلن بۆ ئێران.

ئەمجارە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەسەڵاتی فراوانتری بەکارهێناوە بۆ سزادانی لایەنە بیانییەکان لە پێنج کەرتی جیاوازدام کە بریتیین لە داراییە دیجیتاڵییەکان، تەکنەلۆژیا، زێڕ، فڕۆکەوانی و گواستنەوەی دەریایی، ئامانجەکەش بڕینی ئەو زنجیرەیەیە کە لە دابینکردنی تەکنەلۆژیاوە دەستپێدەکات و بە فرۆشتنی نەوت کۆتایی دێت.

یەکێک لە نموونە دیارەکان کۆمپانیای “سویت ئۆشن”ە لە هۆنگ کۆنگ، واشنتۆن دەڵێت ئەم کۆمپانیایە ئامێری لێزەر و کەرەستەی تاقیگەی بۆ ئێران کڕیوە، ئەگەرچی ئەم ئامێرانە لە بنەڕەتدا مەدەنین، بەڵام لە سیستەمی ئاڕاستەکردنی موشەک و فڕۆکەدا بەکاردێن. هەروەها ئامێری “پێوانەکردنی خێرایی” کە بۆ جێگیرکردنی جوڵەی موشەک و فڕۆکە پێویستن، لە رێگەی زنجیرەیەک کۆمپانیای وەهمییەوە لە چین و هۆنگ کۆنگەوە بۆ ئێران گواستراونەتەوە.

بۆ  شەڕی نەوت لە دەریاکان و شاردنەوەی سەرچاوەی نەوتەکەی، ئێران پشت بە کەشتییەک دەبەستێت کە ناوی ئێرانییان نییە و ئاڵای وڵاتانی دیکەیان لەسەر هەڵکراوە، واشنتۆن کۆمپانیای “فۆسکۆم” لە ئیمارات و “ئەزوور” لە سەنگافورەی سزاداوە، بە تۆمەتی ئەوەی وەک ناوبژیوان کاریان بۆ کەشتییە سزادراوەکانی ئێران کردووە و لە ناو دەریاکاندا نەوتیان لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی تر گواستووەتەوە بۆئەوەی ناسنامەی راستەقینەی نەوتەکە ون بکەن.

فەللوجە؛ ناونیشانێکی چاوەڕواننەکراوە لە لیستی سزاکاندا لە ناو عێراقدا، ناوێکی نوێی دەرخستووە، ئەویش کۆمپانیای “دادنگار ستارتئەپ ستۆدیۆ”یە، ئەم کۆمپانیایە وەکو کۆمپانیایەکی پرۆگرامسازی خۆی ناساندووە، بەڵام لە راستیدا وەک “رووکارێکی هەواڵگری” بۆ سوپای پاسداران کاری کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەم کۆمپانیایە وێبسایتێکی بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی شوێنی کەرەستە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تۆماری سزاکانیش ناونیشانێکی ئەم کۆمپانیایەی لە شاری فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار ئاشکراکردووە، لەپاڵ ناونیشانەکانی دیکەیان لە تاران و هۆڵەندا، ئەم کۆمپانیایە لە رۆژی 30ی تەممووزی 2026ەوە، خراوەتە لیستی ڕەشی سزاکانەوە.