ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران - وێنە: VCG
پاداشتێکی دارایی لە وەزارەتی دەرەوە ئەمریکا
“شوێنی ئەحمەد وەحیدی ئاشکرابکە و 10 ملیۆن دۆلار وەربگرە”
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەک خەڵات دیاری کرد، بۆ هەر کەسێک زانیاری تەواو لەبارەی شوێنی مانەوەی ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران و وەزیری پێشووی ناوخۆی وڵاتەکە بدات.
ئەمریکا دەڵێ، ئەحمەد وەحیدی، رۆڵی سەرەکی هەبووە لە داڕشتنی پیلانی تەقینەوەکەی ساڵی 1994ی ناوەندی کلتووریی جووەکان لە بۆینس ئایرسی ئەرجەنتین، کە بووە هۆی برینداربوونی چەندین کەس و کوژرانی 85 کەس دیکە.
وەک وەزارتەکە وتوویەتی، ئەم بڕیارە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دێت کە بە تێوەگلان لە چالاکییە “تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکان” تۆمەتبار دەکرێن.
ئەحمەد وەحیدی، کە پێشتر وەزیری ناوخۆی ئێران بووە، یەکێکە لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، لەلایەن واشنتن و چەند وڵاتێکی تریشەوە داواکراوە.
ئەحمەد وەحیدی سەرکردە و بەرپرسیاری ئێرانییە لە بواری ئەمنی و سەربازی، لە سوپای پاسداران بەرپرسیارییەکی بەرزی هەبوو و لە ساڵانی 1990دا بە فەرماندەی نیروی قودس ناسراو بوو، لە دواتردا بووە وەزیری بەرگریی ئێران لە ساڵانی “2009–2013″، هەروەها دواتر وەزیری ناوخۆی ئێران بووە.