لە هەموو عێراقەوە سەردانى دەکەن

نەخۆشخانەى هیوا قەرەباڵغە؛ نەخۆشان داوای دروستکردنی “هیوا”یەکی گەورەتر دەکەن


دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

بەهۆی زۆریی ژمارەی نەخۆشان و ئەو لێشاوە زۆرەی لە سەرتاسەری عێراقەوە رووی تێدەکەن، نەخۆشخانەی هیوا رووبەڕووی قەرەباڵغییەکی زۆر بووەتەوە، ئەمەش وایکردووە نەخۆشان ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە تا نۆرەیان دێت و چارەسەر وەردەگرن.

یەکێک لە نەخۆشەکان کە لە قەزای کەلارەوە سەردانی نەخۆشخانەکەی کردووە بۆ 964 قسەى کردووە و باس لەوە دەکات کە لە کاتژمێر 4ـی بەرەبەیانەوە لە کەلارەوە دەرچووەو، لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە لە نەخۆشخانەکە چاوەڕوانە و کاتژمێر 12ـى نیوەڕۆ لایداوە، هێشتا نۆرەى نەهاتووە، بۆیە بەناچارى لەسەر زەوییەکە دانیشتووە.
ئەو باس لەوە دەکات، ئەو ژمارە زۆرەى نەخۆش و بچوکى بیناى نەخۆشخانەکە یەکناگرنەوە، چونکە لە هەموو ناوچەکانەوە خەڵک رووی تێدەکات
ستایشی کارمەندان و پزیشکانی نەخۆشخانەکەشی کرد کە “ماندوونەناسانە” کار دەکەن
ئەم قەرەباڵغییە وایکردووە کە هاوڵاتییان بەردەوام داوای دروستکردنی پڕۆژەی (هیوای گەورە) بکەن، تاوەکو جێگەی ئەو هەموو نەخۆشە ببێتەوە کە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە سەردانی دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە، هاوڵاتییەکی بە نەتەوە عەرەب کە لە کەرکوکەوە چووەتە نەخۆشخانەی هیوا، بۆ 964 جەخت لە دڵسۆزیی ستافی نەخۆشخانەکە دەکاتەوە و دەڵێت: هیچ کەمتەرخەمییەک لە پزیشکان و کارمەنداندا بەدی ناکرێت و ئەوان کاری خۆیان دەکەن، بەڵام شوێنەکە تەسکە و بەرگەی ئەم هەموو خەڵکە ناگرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح