لە سلێمانی

ئۆتۆمبێلێکی بەپارەوە دزی دەستگیر کرا

شۆڕش قادری

لە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی، کەسێک ئۆتۆمبێلێکی بەپارەوە دزی، پۆلیس دۆزییەوە و قۆڵبەستی کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی پۆلیسی سلێمانی، هاوڵاتییەک چووەتە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل و سکاڵای تۆمار کردووە لەسەر ئەوەی کە ئۆتۆمبێلێک و بڕێک پارەی لێدزراوە کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە.

دواتر بڕیاری دادوەر بۆ کەیسەکە وەرگیراوە و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، مەفرەزەکانی پۆلیس توانیویانە کابرای دز بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن، لەکاتی دەستگیرکردنیشیدا دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکە و بەشێک لەو پارەیەی کە دزیویەتی.

لەئێستادا تۆمەتبار بەناوی (ئ، ن، ئ) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (446) لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.