"لە نزیکترین کاتدا کۆنتڕۆڵی دەکەین"

بەڕێوەبەر خۆی سەرپەرشتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ئەزمەڕ دەکات

شۆڕش قادری

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی لە نزیکەوە سەرپەرشتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ئەزمەڕ دەکات و دەڵێن، لە نزیکترین کاتدا کۆنتڕۆڵی دەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی چەند وێنەیەکی ئاگرەکەی داناوە و نووسیویەتی، ئاری محەمەد بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سلێمانی لەگەڵ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە چیاکانی پشتی ئەزمەڕ لای خەمزە و قولەڕەش ئامادەیە و لە نزیکەوە سەرپەرشتی پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ئاگرە دەکات کە ئەمشەو هەینی لە چیاکە کەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکراوە، هەرچەندە بوونی بایەکی بەهێز و وشکیی زۆری پووش و پاوان کە وەک بەنزین خێرا تەشەنە دەسێنێت، ئەرکی تیمەکانیانی قورس کردووە، بەڵام دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیان کە تیمەکانمان بە ئەوپەڕی لێهاتوویی و ورەبەرزییەوە سەرقاڵی خنکاندنی بڵێسەکانن.

بەرگری شارستانی سلێمانی دەڵێت، ئەم جۆرە رووداوانە لە ئاست شارەزایی و نەبەردی تیمەکانیان تەنیا ئاڵنگارییەکی کاتین و لە نزیکترین کاتدا ئاگرەکە بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ دەکرێت و مەترسییەکە دەڕەوێتەوە.