لە زۆربەی بەنزینخانەکان هەموو جۆرە بەنزینێک دەستناکەوێت و نرخی غازیش دابەزیوە
نرخی بەنزینی نۆرمال لە هەولێر گەیشتە 1850 دینار بۆ هەر لیترێک
کاردۆست حسێن – هەولێر
ئەمڕۆ لە هەولێر نرخی جۆرەکانی بەنزین بەرزبوونەوەی نوێیان بەخۆوە بینی و نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە هەزار و 850 دینار، پێشناچێ جارێ نرخەکان داببەزن.
بەپێی بەدواداچوونێکی مەیدانیی 964 بۆ بەنزینخانەکانی شاری هەولێر، نرخی یەک لیتر بەنزینی محەسەن بۆ دوو هەزار و 450 دینار و سوپەریش بۆ دوو هەزار و 600 دینار بەرزبووەتەوە، جگە لە گرانی نرخەکە، کێشەی نەبوونی بەنزین لە زۆربەی بەنزینخانەکا سەریهەڵداوە، بە جۆرێک هەندێک بەنزینخانە تەنیا یەک جۆر یان دوو جۆر بەنزینیان هەیە و هەندێکیشیان بەتەواوی بەنزینیان لێبڕاوە.
لە بەرامبەر گرانبوونی بەنزین، نرخی غازی ئۆتۆمبێل (LPG) دابەزینی بەخۆوە بینیوە و ئێستا لە نێوان 495 دینار بۆ 550 دینار دەفرۆشرێت، لە کاتێکدا پێشتر نرخەکەی تا 700 دینار بەرزبووبوەوە، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆری شۆفێران وەک جێگرەوەیەک بۆ بەنزین، پەنا بۆ بەکارهێنانی غاز ببەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر