تیمەکان لە هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنیدان

لەنزیك شاخە سووری شارباژێڕ ئاگرێكی گەورە كەوتەوە

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

كەمێك لەمەوبەر، لە نزیكی شاخە سوور و بەدیاریكراوی لە نێوان گوندی واژە و دڕەلەی حاجی، ئاگرێكی گەورە كەوتەوە و تیمەكانی دارستان و بەرگری شارستانی شارباژێڕ، سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەن.

موقەدەم كارزان نورەدین، بەڕێوەبەری دارستانی شارباژێڕ بە 964ـی وت، ئاگرەكە كەمێك لەمەوبەر كەوتووەتەوە، لەناوچەی شاخەسوور لەنێوانی گوندەكانی واژە و دڕەلەی حاجی، ئەگەرچی ئاگرەكە گەورەیە، بەڵام تیمەكانمان لەشوێنی روداوەكەن و هەوڵدەدەین تا درەنگانی شەو كۆنتڕۆڵی بكەین.

“تائێستا هۆكاری ئاگرەكە دیار نییە، بەڵام لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكەی دەكرێت و گومانەكان بۆ ئەوەن كە ئەمڕۆ پێنج شەممەیە و سەیرانكەرێكی زۆری لێیە و پڕیشكی ئاگر لە شوێنێكەوە دەرچوبێت.” موقەدەم كارزان وای وت.

دەشڵێت، هەریەك لە تیمەكانی دارستانی شارباژێڕ و بەرگری شارستانی شارباژێڕ بەهاوكاری گوندنشینانی سنوورەكە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە دەدەن و رێگری دەكەن لە فراوانبوونی زیاتر، چونكە ناوچەیەكی دارستانی چڕە و لەئەگەری فراوانبوونی زیانەكان زۆر دەبن.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر