بووەتە هەڵڵا لە سۆشیاڵ میدیا

“شەڕی ناونانی کەنداو” لە نێوان حەلبووسی و قالیباف دا گەرم دەبێت

فەرهاد حەسەن

تەنها یەک رۆژ دوای کۆبوونەوە فەرمییەکەی بەغداد و پێشکەشکردنی “مافووری ئێرانی” وەک دیاری لەلایەن محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە بۆ هاوتا عێراقییەکەی، پلاتفۆرمی “ئێکس” (تۆیتەری پێشوو) بووە گۆڕەپانی ململانێیەکی دیپلۆماسی لە رێگەی وێنە و نەخشەکانەوە.

پەرلەمانی ئێران دەسپێشخەری کرد و وێنەیەکی قالیبافی بڵاوکردەوە کە لە پشت سەرییەوە نەخشەیەک هەبوو و تێیدا ناوی “کەنداوی فارس” بە روونی نووسرابوو، ئەمە وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر ناوی مێژوویی و فەرمیی کەنداو لای ئێرانییەکان بیندرا.

لایخۆشییەوە، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، زۆری پێنەچوو وەڵامی دایەوە، ناوبراو وێنەیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە لە پشت سەرییەوە نەخشەیەک هەیە و تێیدا ناوی “کەنداوی عەرەبی” نووسراوە.

ئەم جوڵانەی هەردوولا لە سۆشیاڵ میدیا، جارێکی دیکە “کێشەی ناونانی کەنداو”ی هێنایەوە بەرباس، کە ساڵانێکی زۆرە خاڵی جێی ناكۆكیی نێوان وڵاتانی عەرەبی و کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

چالاکوانانی سۆشیاڵ میدیا ئەمەیان بە “دیپلۆماسیەتی وێنەکان” ناوبرد، کە تێیدا هەر لایەنێک دەیەوێت بەبێ لێدوانی ڕاستەوخۆ، پەیامە سیاسییەکەی خۆی دەربارەی ناسنامەی ناوچەکە بگەیەنێت.