هۆشدارى دەداتە هاوکارەکانى

ترەمپ هەڕەشەى ئەنجامدانى “سەخترین جەنگى ئابوورى” دژى ئێران رادەگەیەنێت

وریا فەتاح

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئۆپراسیۆنێکی ئابووریی بەرفراوان و بێوێنەی دژی ئێران راگەیاند، کە بە توندترین رێکاری ئابووری لە مێژوودا وەسفی کرد و هۆشداریی دا بە هەر وڵاتێک یان لایەنێک کە هاوکاریی دارایی و ئابووریی تاران بکات.

ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیال) نووسیویەتی، “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرفەتێکی گەورەی بە بەپرسانی ئێران بەخشی تا بگەنە رێککەوتن، بەڵام نەیاننوانی ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە.”

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم رێکارە نوێیانە لەسەر ئاستێکی بێوێنە جێبەجێ دەکرێن و بە “جەنگی ئابووری و گۆشەگیرکردنی تەواوەتی” نێودێری کرد، جەختیشی کردەوە کە ئێران دوای بەرکەوتنی زیانی گەورە لە توانا سەربازی، ئابووری و دراوەکەی، ڕووبەڕووی دۆخێکی ئێجگار سەخت بووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی وڵاتانی دیکە کرد و رایگەیاند، هەر وڵاتێک لە رێگەی دامەزراوە داراییەکان، کۆمپانیاکان، فڕۆکەخانەکان یان قەوارە حکومییەکانییەوە ببێتە شادەماری ژیان بۆ تاران، رووبەڕووی دەرئەنجام و سزای ئابووریی زۆر گەورە لەلایەن واشنتنەوە دەبێتەوە.