هێشتا پارەى پاریان وەرنەگرتووە

موژدەیەک بۆ جوتیاران؛ 350 ملیار دینار خرایە سەر هەژمارى وەزارەتى بازرگانى

ئەحمەد شەمزین -هەولێر

بریکارى وەزارەتى بازرگانى لە 964ـەوە موژدە دەداتە جوتیاران کە بەم نزیکانە بەشێکى ترى شایستە داراییەکانیان خەرج دەکرێت و دەشڵێت: هێشتا 141 ملیارى پار ماوە وەریبگرن.

هاوار هاوارى بریکارى وەزارەتى بازرگانى هەرێم، لە وەڵامى پرسیارێکى 964 کە لێى پرسى کێشەى شایستە داراییەکانى جوتیاران بە کوێ گەیشتووە، هاوارى وتى،”شایستە داراییەکانى جوتیارانى هەرێم بۆ ساڵى 2025 زیاتر لە 301 ملیار دینار بوو بۆ 400 هەزار تۆن گەنم، لەو ژمارەیە 141 ملیار دینارى ماوە وەربگیرێت و 159 ملیارى وەرگیراوە واتا بەرێژەى 47% بەرامبەر 53%”.
لەبارەى شایستە داراییەکانى ئەمساڵەوە، هاوار هاوارى وتىن”بۆ ئەمساڵ 385 تۆن گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە، جارێ نازانرێت پارەکەى چەندە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە پار کەمترە”.
“ساڵى پار هەموو ئەو گەنمەى وەرگیراوە لە ناوەوەى پلانى کشتوکاڵى بووە و تۆنى بە 850 هەزار بووە، بەڵام ئەمساڵ پلانى ناوەوەى کشتوکاڵى و دەرەوەى کشتوکاڵى هەبووە کە بۆ ناوەوە 700 هەزار و بۆ دەرەوە 500 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک دیاریکراوە”، هاوار هاوارى واى وت.

موژدەیەکیشى بە جوتیاراندا کە لە دوێنێوە 350 ملیار دینارى ئەمساڵى شایستە داراییەکانى جوتیارانى عێراق و هەرێم خراوەتە سەر هەژمارى کۆمپانیاى گشتى بازرگانى و دانەوێڵە کە بەشى هەرێمى کوردستانیشى تێدایە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح