دژى بڕیارى داخستنیان
خاوەن دەرمانخانە و نۆرینگەکانى گەرمیان گردبوونەوە
میلاد جەلال- گەرمیان
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن نۆرینگەکان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، دژی بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی بۆ داخستنی شوێنەکانیان، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان گردبوونەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەکەن.
ئەوان پێیان وایە بڕیارەکە “ناهەقییەکی گەورەیە” بەرامبەریان، چونکە بڕیارەکە ئەو نۆرینگانە دەگرێتەوە کە لەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە بەڕێوەدەبرێن نەک دەرمانساز. کەریم محەمەد، کە لە ساڵی 1991ـەوە خاوەنی دەرمانخانەیە و بڕیارەکە دەیگرێتەوە دەڵێت، “دوای زیاتر لە 30 ساڵ خزمەت، ئەگەر نۆرینگەکەم دابخرێت دەبێت بچم ئاژەڵداری بکەم یان تەماتە بفرۆشم، ئەمەش قبوڵکراو نییە”.
بە وتەی خاوەن نۆرینگەکان، لە سنووری گەرمیان نزیکەی 600 نۆرینگە هەن کە لەلایەن پەرستاران، یاریدەدەرانی پزیشک و کارمەندانی تەندروستییەوە بەڕێوەدەبرێن، لە بەرامبەردا تەنیا 50 دەرمانخانەی تایبەت بە دەرمانسازان هەیە. ئەوان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر ئەو 600 نۆرینگەیە دابخرێن، ئەو 50 دەرمانخانەیە بەتەنیا ناتوانن پێداویستییەکانی خەڵکی ناوچەکە پڕبکەنەوە.
لە بەرامبەردا، لایەنی پەیوەندیدار هۆکارێکی دیکە بۆ بڕیارەکە دەخاتەڕوو. ئازاد فەرەج، وتەبێژی تەندروستیی گەرمیان روونیکردەوە کە بڕیارەکە بۆ داخستنی یەکجاری نییە، بەڵکو داخستنێکی کاتییە بەمەبەستی جیاکردنەوەی کاری دەرمانخانە و نۆرینگەکان.
وتەبێژی تەندروستیی گەرمیان بۆ 964 وتى، “ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە دەرمانخانەکان تەنیا لەلایەن دەرمانسازەکانەوە بەڕێوەببرێن و نۆرینگەکان بۆ کارمەندانی تەندروستی بن. کێشەی سەرەکی ئەوەیە خاوەن نۆرینگەکان دەیانەوێت هەموو جۆرە دەرمانێک بفرۆشن، لە کاتێکدا بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، نۆرینگەکان تەنیا رێگەیان پێدراوە 18 ئایتم دەرمان بفرۆشن، فرۆشتنی دەرمانەکانی دیکە تەنیا کاری دەرمانسازەکانە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح