تاران دۆخەکەی پێچەوانە کردەوە

ئێران مۆڵەتی چەند هەفتەیەک دەداتە ئەمریکا و دۆخی “تەواو هێرشبەرانە”ش دەگرێتەبەر

فەرهاد حەسەن

پێچەوانەی ئەوەی کە ئەمریکا پێشتر کردوویەتی، ئێران مۆڵەت دەداتە ئەمریکا و ستراتیژی سەربازیی خۆی بۆ “تەواو هێرشبەرانە” دەگۆڕێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئێرانەوە بڵاویکردەوە، تاران بڕیاریداوە ئاڕاستەی سیاسەتە سەربازییەکانی بەشێوەیەکی بنەڕەتی بگوڕێت و لە دۆخی “بەرگری”یەوە بۆ دۆخی “تەواو هێرشبەرانە” هەنگاو بنێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، تاران تەنیا چەند هەفتەیەک مۆڵەت دەداتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنی ئاشتی، جەختی کردووەتەوە کە ئێران بە شێوەیەکی بێسنوور چاوەڕێ ناکات لە کاتێکدا ئەمریکا بەردەوام بێت لەسەر سەپاندنی گەمارۆی دەریایی.

سەرچاوەکە هۆشداریشیداوە، کە ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەم ماوە دیاریکراوەدا شکست بهێنن، سەرجەم دامەزراوە و هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن بۆ پەرەپێدانی گرژی و رووبەڕووبوونەوەکان لە گەرووی هورمز و سەرانسەری ناوچەکەدا.