بۆ وەرگرتنى پارەکانیان

جوتیارانى کوردستان خۆپیشاندانەکانیان دەبەنە بەغدا


میلاد جەلال- گەرمیان

بڕیارە ئەم ئێوارەیە، ژمارەیەک لە جوتیارانى کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێبکەون بۆ ئەوەى بەشدارى لە خۆپیشاندانێک بکەن کە سبەینێ لەبەردەم وەزارەتى دارایى عێراق ئەنجام دەدرێت.

ساڵاح میروەیس یەکێک لەو جوتیارانەیە کە دەچێتە بەغدا، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت:دۆخى جوتیاران زۆر خراپە، وامان لێھاتووە سەیارە و خانوو دەفرۆشین پارەمان بەدەستەوە نەماوە، بۆیە لەتاو کێشەى خۆمان دەچینە بەغدا”.

لە خۆپیشاندانەکەى سبەینێى بەردەم وەزارەتى دارایى، تەنیا جوتیارانى کورد بەشدار نین، بەڵکو جوتیارانى سەرتاسەرى عێراق هەمان کێشەیان هەیە و شایستە داراییەکانى ئەمساڵ و پاریان وەرنەگرتووە.

عوسمان ئەمین کە وردەکارى ئەو پارانەى لایە کە نەدراوە بە جوتیاران، بۆ 964 قسەى کرد و وتى،”ئەمساڵ یەک دینارمان وەرنەگرتووە و نزیکە 140 ملیار دیناری ساڵی پاریشمان ماوە وەریگرین”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح