ئاماری نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان:
٪80ی پەنابەرانی ناو عێراق لە هەرێمی کوردستانن؛ زۆرترینیش لە هەولێرن
فەرهاد حەسەن
بەپیی نوێترین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) زیاتر لە 343 هەزار پەنابەر لە عێراق هەن و زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و لەناو هەرێمی کوردستانیش هەولێر زۆرترین ژمارەی بەخۆوەگرتووە.
ئامارەکان، هی مانگی تەممووزی ئەمساڵە، کۆی گشتیی پەنابەر و داواکارانی مافی پەنابەری کە لای نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراون، گەیشتووەتە 343 هەزار کەس و نزیکەی 80%ی ئەو ژمارەیەی پەنابەرانی ناو عێراق لە هەرێمی کوردستان دەژین.
بەپێی ئەو دابەشبوونەی کە (UNHCR) بۆ پەنابەرانی عێراقی کردووە، هەولێر 42%ی کۆی پەنابەرانی عێراقی لێیە و لە پلەی یەکەمدایە، دهۆک 26%ی پەنابەرانی تێدا نیشتەجێیە، بەغدا 13.5%ی پەنابەرانی تێدایە و سلێمانیش 11%ی پەنابەرانی لێیە.
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، 33%ی پەنابەران لەناو نۆ کەمپی جیاوازدا دەژین، ئەوانی دیکەش لەناو شار و شارۆچکەکاندان.
ئەو پەنابەرانەی لەناو عێراقدا دەژین 88% هی وڵاتی سووریان و 2.6% ئێرانی، 2.4% فەلەستینی و 2%. شیان تورکیین.
ئەو کەمپانەی لە هەرێمی کوردستان ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێیە بریتیین لە هەولێر چوار کەمپ کە ئەوانیش قوشتەپە، کەورگۆسک، دارە شەکران و باسرمەن و لە سلێمانیش تەنیا یەک کەمپ هەیە ئەویش کەوتووەتە کۆمەڵگەی باریکە لە نزیک ناحیەی عەربەت، لە دهۆکیش چوار کەمپ هەن ئەوانیش لە ئاکرێ، دۆمیز یەک، دۆمیز دوو و گەویلانە.