لە نەخۆشخانە حکومیی و ئەهلییەکان

بۆ لەمەودوا چارەسەری بێبەرامبەر بۆ رزگاربووانی دەستی داعش لە سنووری نەینەوا دەکرێت

فەرهاد حەسەن

بۆ لەمەودوا، خزمەتگوزاریی تەندروستی و چارەسەری بێبەرامبەر پێشکەش بە رزگاربووانی دەستی داعش لە سنووری سنگال و تەواوی پارێزگای نەینەوا  دەکرێت، تەنانەت ئەگەر پێویستیان بە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش بێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری رزگاربووان کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراقە رایگەیاند، کە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ خزمەتکردنی رزگاربووانی دەستی داعش، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی نەینەوا و نەخۆشخانە حکومییەکان کار دەکات و ئەو حاڵەتە تەندروستییانەی کە چارەسەریان لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا نییە، رەوانەی نەخۆشخانە ئەهلییەکان تایبەتەکان دەکرێن.

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختدەکاتەوە، کە تەواوی تێچووی چارەسەر و نەشتەرگەرییەکان لە ئەستۆی ئەوان دەبێت، دەشڵێت “جگە لە چارەسەر، کرێی هاتووچۆی رزگاربووانیش لە ماڵەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان و بەپێچەوانەوە، لە ئەستۆ دەگرێت، تاوەکو پڕۆسەی چارەسەرکردنیان ئاسانتر بێت”.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری رزگاربووان، داوا لە هەموو ئەو رزگاربووانە بە (ژن و پیاو)ەوە دەکات کە پێویستیان بە چاودێریی تەندروستی یاخود نەشتەرگەری هەیە، سەردانی بارەگای بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن یاخود لە کاتەکانی دەوامی فەرمیدا پەیوەندی بەم ژمارە مۆبایلەوە بکەن:

07511002988