عەباس عێراقچی:

رێککەوتنمان لەگەڵ عومان بەمانای کردنەوەی گەرووی هورمز نییە

شۆڕش قادری

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رێککەوتنیان لەگەڵ عومان بەمانای کردنەوەی گەرووی هورمز نییە.

میدیای ئێران لە زاری عەباس عێراقچی بڵاویکردووەتەوە، دانوستانەکانیان لەگەڵ عومان تاڕادەیەک لە کۆتایی نزیکبووەتەوە بەڵام لێکتێگەیشتن و رێککەوتنیان، بە مانای کردنەوەی گەرووی هورمز نییە، بەڵکو ئەو بابەتە پەیوەستە بە قەرەبووی پێشێلکردنی یادداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان لەلایەن ئەمریکاوە.

هاوکات محەمەد باقر زولقەدر سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند، تا ئەو کاتەی ئەمریکا رەفتارەکانی باش نەکات، گەرووی هورمز ناکرێتەوە.

چەند رۆژێکە بەرپرسانی ئێران و عومان سەرقاڵی گفتوگۆ و دانوستانن بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز، کارەبەدەستانی ئەمریکاش دەڵێن، رێککەوتن نزیکە و بەمزووانە گرژییەکان لەو ناوچەیە کۆتایی دێت.