ئەو کیژۆڵە پڕ لە هیوایەی لە نەخۆشخانەی هیوا چارە وەردەگرێ

شەن فێری خوێندنەوە و نووسین بووەتەوە؛ دوای ئەوەی 964 دەنگی گەیاند

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

دوای ئەوەی 964 دەنگی گەیاند، ئێستا شەن لە قوتابخانەیەک فێری خوێندنەوە و نووسین بووەتەوە و رۆژ بەڕۆژ هەنگاوی باشتر دەهاوێژێ.

بیرتان دەخەمەوە شەن بەختیار ئەو کیژۆڵە پڕ لە هیوا و ورەیەیە کە لە نەخۆشخانەی هیوا چارەسەری بۆ دەکرێ، مانگی سێی ئەمساڵ و دوای کارێکی 964 وەزیری پەروەردە بڕیاریدا بگەڕێتەوە بەر خوێندن.

شەن لە تەمەنی چوار ساڵ و شەش مانگیدا توشی شێرپەبجە بووە، تا قۆناغی شەشی بنەڕەتی بە نیوەناچڵی خوێندوویەتی، ئێستا و دوای 10 ساڵ ژیان لەگەڵ شێرپەنجە، لە قوتابخانەی جونیەر کە قوتابخانەیەکی تایبەتە، فێری خوێندن و نووسین بووەتەوە.

شەن بۆ خۆی زۆر دڵخۆشە و دایکیشی دەڵێت، “باشی مامۆستاکانی وەسف ناکرێ و لەخۆم زیاتر گرنگی پێدەدەن”، تەنیا کێشەی ئەو خێزانە ئەوەیە کە شەن پێشتر سێ نەشتەرگەری بۆ کراوە، ساڵێک زیاتر سەرەی بۆ گیراوە کە نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ بکرێت، بەڵام هێشتا بەری نەکەوتووە، تێچووی نەشتەرگەرییەکەشی وەک دایکی دەڵێت، 10 ملیۆن دینارە.

مامۆستاکانی قوتابخانەی جونیەر قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، “964 بووەهۆی ئەوەی کە شەن بناسین، ئەو کچەی توانا و ئارەزوویەکی زۆری هەیە و هیوایەک لە ناخیدا دەبینرێ”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری