دەعوەت بوون
چێشتخانەیەک ئەمڕۆ بەڕووى کڕیاراندا داخرا؛ بۆ ژینگەپارێزان کرایەوە
دیلان محەمەد- سلێمانى
ئەمڕۆ چێشتخانەیەک لە گەڕەکی عەقاری شاری سلێمانی بڕیارێکی جیاوازی دا، فرۆشتنی خواردنی بەتەواوی راگرت و بۆ ژەمى نیوەڕۆ، خواردنەکانى پێشکەش بە ژینگەپارێزان کرد.
ئاواتی عەلە رەش و ژوان حوسێنی هاوسەری، کە بەیەکەوە چێشتخانەکە بەڕێوەدەبەن، وەک رێزلێنان و پێزانینێک بۆ ماندووبوونی ژینگەپارێزان، بۆ ژەمی نیوەڕۆ میوانداریی ئەو پاڵەوانانەى ژینگەیان کرد.
ژوان بە هەستێکى بەرزو دڵخۆشییەکى زۆرەوە، بە 964ـى وت،”ئەمڕۆ دڵم زۆر خۆشە کە خزمەتى ژینگەپارێزانى شارم کردووە، هەر بۆیە وەک هەر رۆژێکى ئاسایى سێ جۆر شلە، دوو جۆر برنج و دوو جۆری گۆشت و مریشکی بۆ ئەم میوانە تایبەتانە ئامادە کردووە”.
ئەوان بۆ ئەمڕۆ دەرگایان بەڕووى موشتەرییەکاندا داخست، بەڵام دەرگاى بەخشینیان بەڕووى ژینگەپارێزاندا کردەوە و میواندارییەکى باشیان کردن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح