دژەتیرۆری عێراق دەستگیری کردوون

دوو چەکداری داعش لە کەرکوک و سلێمانی دەستگیر کران

شۆڕش قادری

دوو چەکداری داعش لە کەرکوک و سلێمانی لەلایەن دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە دەستگیر کران.

بەپێی راگەیەنراوێکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، هێزەکانیان بەهاوبەشی لەگەڵ ئاسایشی، چەکدارێکی داعشیان دەستگیرکردووە کە دەستی هەبووە لە ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان.

هەروەها لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا و لە پارێزگای کەرکوک، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق ئەندامێکی سەربە شانە نوستووەکانی داعشیان دەستگیر کردووە.

لە ئوپەراسیۆنەکەی کەرکوک، پێنج حەشارگەی چەکدارانی داعش دۆزراونەتەوە و لەناوبراون.

پێشتر و رۆژی چوارشەممە 28.7.2026 ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند کە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق دوو تیرۆریستی داعشیان دەستگیر کردووە کە لە پارێزگای سلێمانی خۆیان حەشاردابوو.