یەکەم کاروانی کتێبی نوێی خوێندن گەیشتە بەشی گەنجینەکانی سلێمانی – وێنە؛ پەروەردەی سلێمانی
"پرۆسەی وەرگرتن و پۆلێنکردنیان دەستپێکردووە"
یەکەم کاروانی کتێبی نوێی خوێندن گەیشتە بەشی گەنجینەکانی سلێمانی
شۆڕش قادری
یەکەم کاروانی کتێبی نوێی خوێندن گەیشتە بەشی گەنجینەکانی سلێمانی و پرۆسەی وەرگرتن و پۆلێنکردنیشیان دەستپێکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی چەند وێنەکەی ساتی گەیشتنی کتێبەکانی داناوە و نووسیویەتی، لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و رەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 31.7.2026 یەکەم کاروانی کتێبی نوێی خوێندن بۆ ساڵی نوێی 2026 ـــ 2027 گەیشتە بەشی گەنجینەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی.
مامۆستا محەمەد میرە بەڕێوەبەری بەشی گەنجینەکان رایگەیاندووە، ئەم کاروانەی کتێبەکان، بەشێکن لە پرۆگرامەکانی خوێندنی قۆناغە جیاوازەکان و پرۆسەی وەرگرتن و پۆلێنکردنیشیان دەستپێکردووە، بە ئامانجی ئامادەکردنیان بۆ دابەشکردنی بەسەر ناوەندەکانی خوێندن لە کاتی خۆیدا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆئەوەی لە پێش دەستپێکردنی خوێندنی ساڵی نوێی خوێندن، سەرجەم کتێب و پێداویستییە لۆجستییەکان بگەیەنێتە دەستی قوتابییان و خوێندکاران.