ئیدانەى دەکەن و وەڵامدانەوەیان نابێت
ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتمانى عێراق لەبارەى هێرشەکانى ئەمریکا و سعودیە کۆبوونەوەیەکى نائاسایى ئەنجامدا
وریا فەتاح
لەدواى هێرشە هاوبەشەکەى ئەمریکا و سعودیە بۆسەر بنکە و بارەگاکانى حەشدى شەعبى، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا، بەڵام لە راگەیەندراوى کۆبوونەوەکەدا تەنیا ئیدانەکردن هەیە و هیچ شتێک لەبارەى وەڵامدانەوەى هێرشەکانەوە نەخراوەتەڕوو.
لە راگەیەندراوى ئەنجومەنەکەدا هاتووەکە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی دەکەن و دەشڵێت:”ئەم پەلامارە لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەی کە لایەنی ئەمریکی و سعودی باسیان کردبوو سەبارەت بە بەئامانجگرتنی خاکی سعودیە”.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیار و هەڵوێستێک راگەیەندران کە بریتین لە:
یەکەم: بڕیاردرا بە دانانی پلانێکی ئەمنیی گشتگیر بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق، هەروەها راگریکردن لە هەر لایەن و سەرچاوەیەک کە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ دروست بکات.
دووەم: وەزارەتی دەرەوەی عێراق راسپێردرا کە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەنگاو بنێت بۆ بەدۆکیومێنتکردنی ئەم پێشێلکارییە و چەسپاندن و پاراستنی مافە رەواکانی عێراق.
سێیەم: جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی عێراق کرایەوە کە سەرجەم کارە دوژمنکارییەکان رەتدەکاتەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی چ لایەنێک ئەنجامی دەدات یان پاساوەکەی چییە.
چوارەم: ئەنجوومەنەکە دووپاتی کردەوە کە مامەڵەکردن و وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە هێرشانە، بەدەر لە هەر لایەنێکی تر، تەنیا لە بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتی قۆرخکراوی حکومەتی عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەتدایە.