لەسەر رێگای سلێمانی بۆ چەمچەماڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ کەسێک گیانی لەدەستدا
فەرهاد حەسەن
تەندروستی قەزای چەمچەماڵ بڵاویکردووەتەوە، کەمێک پێش ئێستا رووداوێکی هاتوچۆ لە سنوورەکەیان روویداوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە.
رووداوەکە، کەمێک پێش ئێستا لەسەر رێگای سلێمانی بۆ چەمچەماڵ روویداوە و جگە لەوەی کەسێک گیانی لەدەستداوە، کەسێکیش برینداربوو.
شێرزاد محەمەد لە راگەیاندنی هاتوچۆی چەمچەماڵ بە 964ی وت، روداوەکە لە جۆری وەرگەڕانە بووە ئۆتۆمبێلەکەش لە جۆری BYD بووە کە شۆفێرەکە و سەرنشینێکی تێدابووە.
وتیشی “بەهۆی سەختی رووداوەکە، شۆفێرەکە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و سەرنشینەکەشی بەسەختی بریندارە”.
لایخۆشییەوە، شەریف رەحیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بۆ 964 ئاماژەی بەوەکرد، رووداوەکە لە نزیک کارەباکەی چەمچەماڵ روویداوە، ئەو شۆفێرەی گیانی لەدەستداوە لەرەگەزی نێرە بەناوی (ا،ف) و بریندارەکەش لە رەگەزی مێیە و بەناوی (ش،م) لەدایک بوی ساڵی 1998تە.
تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەمە دووەم روداوی هاتوچۆیە لە جۆری وەرگەڕان، لە کاتێکدا کامێرای چاودێری جێگیر هەیە و خێرایش دیاریکراوە لە سەر ڕێگاکە.